59 خولەک پێش ئێستا
163 جار خوێنراوەتەوە
مهغرب ئاستی پهیوهندییهكانی لهگهڵ ئیسرائیل بۆ باڵیۆزخانه بهرز دهكاتهوه
پهیام
مهغرب و ئیسرائیل لە لوتکەیەکی سێقۆڵیدا لە نیویۆرک، بڕیاریان دا ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بۆ باڵیۆزخانە بەرز بکەنەوە و هەنگاوی نوێ بۆ فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکان بگرنە بەر.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هەژماری "ئیسرائیل بە عەرەبی"ی سەر بە حکومەتی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەم بڕیارە لە میانی "لوتکەیەکی سێقۆڵیی مێژوویی" لە شاری نیویۆرک دراوە. لوتکەکە بە بەشداریی گیدعۆن ساعەر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ناسر بۆریتە وەزیری دەرەوەی مهغرب و مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چووە، کە تیایدا هەردوو لا پابەندبوونی خۆیان بە بەرزکردنەوەی ئاستی نێردە دیپلۆماسییەکانیان بۆ باڵیۆزخانە و دیاریکردنی باڵیۆز دووپات کردووەتەوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێککەوتن کراوە بۆ فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و مهغرب بە جۆرێک کە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی مهغربیش لەخۆ بگرێت، و بڕیارە ئەم هەنگاوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها هەردوو لا ڕێککەوتوون لەسەر تەواوکردنی دوو ڕێککەوتنامە سەبارەت بە پاراستنی وەبەرهێنان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی باج تا کۆتایی هەمان ساڵ، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لا.
جێی باسە مهغرب یەکێکە لەو چوار وڵاتە عەرەبییەی کە لە پاڵ هەریەک لە ئیمارات، بەحرەین و سودان، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی بە نێوەندگیریی ئەمریکا، هەنگاویان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ناوە. ئەم ڕێککەوتنانە نیگەرانیی لای فەڵەستینییەکان لێکەوتەوە سەبارەت بە هەڵوێستی لەمێژینەی عەرەبی، کە مەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بە کشانەوەی لە ناوچە داگیرکراوەکان و قبوڵکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینییەوە گرێ داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە