1 رۆژ پێش ئێستا
706 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا و چین دژی پڕۆژەبڕیارێكی ئەمریكا بۆ سزادانی ئێران دەوەستنەوە
پەیام
ڕووسیا و چین مافی ڤیتۆیان دژی پڕۆژەبڕیارێكی ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكارهێنا، كە مەبەست لێی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی تیمی شارەزایانی تایبەت بە سزاكانی سەر ئێران بوو تا مانگی ئەیلوولی ساڵی 2027.
ئەم هەنگاوەی مۆسكۆ و پەكین ڕێگری كرد لە پەسەندكردنی پڕۆژەكە كە داوای دەكرد تیمەكە لە ماوەی 90 ڕۆژدا پێشنیار بۆ نوێكردنەوەی ڕێكارەكانی سزا و ڕاپۆرتی ساڵانە پێشكەش بە ئەنجومەنەكە بكات.
هاوكات نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی هەڵوێستی ڕووسیا و چینی كرد و بە كارێكی چەسپاو و بنەمایی وەسفی كرد، لە هەمان كاتدا دەستخۆشیی لە هەریەكە لە دەوڵەتانی سۆماڵ و پاكستان كرد كە لە دەنگدان دووركەوتبوونەوە.
تاران دووبارە جەختی كردەوە كە بڕیاری دوو هەزار و 231 لە ڕێكەوتی 18ی تشرینی یەكەمی 2025 كۆتایی پێهاتووە.
لە بەرانبەریشدا جێگری نوێنەری ئەمریكا لە ئەنجوومەنەكە وتی ئەم ڤیتۆیە چاودێریی سەر سزاكان پەك دەخات و ڕێگری دەكات لە ئاشكراكردنی هەموو ئەو هاوكارییە بەرگرییانەی كە واشنتن بە قەدەغەكراو دایاننابوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە