2 کاتژمێر پێش ئێستا
156 جار خوێنراوەتەوە
قوربانییانی تەقینەوەكەی پاكستان بۆ 31 كوژراو بەرزبووەوە
پەیام
ئاماری قوربانییانی هێرشە خۆكوژییەكەی سەر بارەگایەكی پۆلیس لە شاری كۆهاتی پاكستان بۆ 31 كوژراو بەرزبووەوە.
بەپێی زانیارییە نوێیەكان، ئاماری كوژراوانی تەقینەوە خۆكوژیی و چەكدارییەكەی سەر بارەگایەكی ئەمنی لە شاری كۆهات لە باكووری ڕۆژاوای پاكستان بۆ 31 كەس بەرز بووەوە، كە 16یان ئەندامی پۆلیسن، زیاتر لە 100 كەسی دیكەش بریندار بوون.
هێرشەكە دوێنێ هەینی بە تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە نێو مزگەوتێكی سەر بە هێزەكانی پۆلیسی پاكستان لە كۆهاتی پارێزگای خەیبەر دەستی پێكرد كە ناوەندی سەرەكی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر و یەكە تایبەتەكانی پۆلیسی تێدایە و دەستبەجێ كوژرانی 16 كەس و برینداربوونی دەیانی دیكە ڕاگەیانرا كە زۆرینەیان ئەفسەری پۆلیس بوون، بەڵام دواتر ئامارەكە بەرز بووەوە.
سەرچاوە ئەمنییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە "شەڕ و پێكدادانەكان لەنێو كۆمەڵگەكەدا بەردەوامە و هێشتا ژمارەیەك چەكدار لە یەكێك لە بەشەكاندا خۆیان حەشار داوە، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروست كردووە ئاماری قوربانییان زیاتر ببێت".
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە هێرشەكانی هاوشێوەدا بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستان تۆمەتبار دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە