1 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ ڕێككەوتنێكی بۆ كۆنترۆڵی هەمیشەیی دوورگەی گرینلاند ڕاگەیاند
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا ڕێككەوتنێكی بۆ كۆنترۆڵی ئەمنیی هەمیشەیی دوورگەی گرینلاند و دوورخستنەوەی مەترسی چین و ڕووسیا لە دوورگەكە ئاشكرا كرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە تروس سۆشیالەوە ئاشكرای كرد: وڵاتەكەی گەیشتووەتە ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ دانیمارك و دوورگەی گرینلاند، كە بەپێی ئەو ڕێككەوتنە، واشنتۆن "كۆنترۆڵی ئەمنی هەمیشەیی" و دەسەڵاتی تەواو بەسەر كاروباری بەرگری و پێداویستییەكانی دیكەی ئەو دوورگەیەدا وەردەگرێت.
ترەمپ ئەم ڕێككەوتنەی بە "هەمیشەیی و كۆتایی نەهاتوو" ناو بردووە و جەختی كردەوە كە ئەمە ئاسایشی ئەمریكا و گرینلاند دەستەبەر دەكات.
لای خۆیانەوە، حكومەتەكانی دانیمارك و گرینلاند لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: ڕۆژانی داهاتوو لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێككەوتنەكە واژوو دەكرێت.
بەرپرسانی دانیمارك و گرینلاند ئاماژەیان بەوەش كرد "ڕێككەوتنەكە جگە لە پتەوكردنی ئاسایشی ناوچەی جەمسەری باكوور و هاوپەیمانی ناتۆ، ڕێز لە سەروەری خاكی دانیمارك و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵكی گرینلاند دەگرێت، دوای واژۆكردنیشی، ڕێككەوتنەكە بۆ پەسەندكردن ڕەوانەی پەرلەمانەكان دەكرێت".
بەپێی ڕێككەوتنەكە گرینلاند دەبێتە ناوچەیەكی بەرگریی ستراتیجی ئەمریكای باكوور و نەیارەكان كە مەبەست چین و ڕووسیایە لە دوورگەكە و دەوروبەری دوور دەخرێنەوە و بۆیان نییە هێزی تێدا بڵاو بكەنەوە، یان وەبەرهێنان لە كەرتی هەستیاری ناوچەكە ئەنجام بدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە