1 رۆژ پێش ئێستا
335 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئێران دەدەین
پەیام
دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی نوێدا بۆ تۆڕی ئاكسیۆس ڕایگەیاند، بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و گەورەی لەبەردەمدایە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ڕژێمی ئێران و دەیەوێت لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەكاندا ئەو پرسە تاوتوێ بكات.
ترەمپ وتی واشنتن و جیهان لە وەرچەرخانێكی مێژووییدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاراندا، كە ئایا هێرشی سەربازیی بەرفراوان بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان دەستپێدەكەن یان ڕێگەی تر دەگرنەبەر.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد، بەم زووانە بڕیاری كۆتایی دەدات ئایا دەچێتە ناو پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران یان نا، هەروەها جەختی كردەوە كە هەموو ئەگەرەكان لای ئەو كراوەن.
ترەمپ لەو پەیوەندییەدا باسی لەوە كرد، دەیەوێت هەڵوێستی هاوپەیمانەكانی ناوچەكە بزانێت، چونكە ئەمریكا هەمیشە كار بۆ پاراستنیان دەكات.
هاوكات ڕۆژنامەی جێروزالم پۆست ئاشكرای كرد، سەرۆكی ئەمریكا پلانی هەیە كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو ئەنجام بدات بۆ قسەكردن لەسەر داهاتووی ململانێكان لەگەڵ ئێران و هەنگاوە توندەكانی داهاتوو لە ناوچەكەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە