1 کاتژمێر پێش ئێستا
193 جار خوێنراوەتەوە
کێ ئەرکی پاراستنی پزیشکیانی لە ئەمریکا ئەستۆدایە
پەیام
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەشداری لە خولی ٨١ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە و ئەمریکاش تەنیا ڤیزای بە ناوبراو داوە و تیمی پاراستن و ڕاگەیاندن و تیمەکانی دیکەی لەگەڵدا نییە، بۆ پاراستنی پزیشکیانیش ئەمریکا دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەرکدار کردووە.
بوونی پزیشکیان لە ئەمریکا کە هیچ تیمێکی لەگەڵدا نییە، پرسیارێکی ئەمنی بەرچاوی دروستکردووە سەبارەت بەوەی کێ بەرپرسە لە پاراستنی سەرۆکی ئێران لەسەر خاکی ئەمریکا. بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن" (CNN)، ئەرکی پاراستنی پزیشکیان لەسەر شانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریکایە. لە هەمان کاتدا، فەرمانگەی ئاسایشی دیپلۆماسیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەرکی پاراستنی نوێنەرانی دیکەی ئێرانی لە ناو شاندەکەدا لە ئەستۆ دەگرێت.
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی، کە ئاژانسێکی حکومیی ئەمریکییە، لە ساڵی ١٨٦٥دا دامەزراوە و سەرەتا سەربە وەزارەتی گەنجینە بوو، دواتر گوازراوەتەوە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ. ئەم دەزگایە خاوەنی دوو ئەرکی سەرەکییە: یەکەمیان بەرەنگاربوونەوەی ساختەکردنی دراو، و دووەمیان پاراستنی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکانی پێشوو، کاندیدانی سەرۆکایەتی و کەسایەتییە گرنگەکانی دیکەیە. بارەگای سەرەکیی دەزگاکە لە واشنتۆنی پایتەختە و زیاتر لە ١٥٠ نوسینگەی لە سەرانسەری ئەمریکا و دەرەوەیدا هەیە؛ هەروەها هێزەکەی لە ٧ هەزار کەس پێکهاتووە لەنێوان بریکارانی تایبەت، ئەفسەرانی بەشی ڕێککاری، ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسای تەکنیکی، و کارمەندانی ئیداری و پیشەیی و تەکنیکی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە