1 کاتژمێر پێش ئێستا
206 جار خوێنراوەتەوە
عەراقچی: گوێمان لە ترامپ بوو، بهڵام چاوەڕێی وەڵامی فەرمین
پەیام
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی ئەمریکایە سەبارەت بە پێشنیازی ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز.
عەراقچی لە لێدوانێکدا ڕوونیکردەوە، هەرچەندە وڵاتەکەی ئاگاداری هەڵوێستی سەرەتایی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکایە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمیی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێنەگەیشتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر بنەمای ئەو هەڵوێستە فەرمییە دەدات کە لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە پێی دەگات.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا چارەسەری دیبلۆماسی دەتوانێت لایەنەکان لە بنبەست ڕزگار بکات. هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەر هەنگاوێک بەرەو کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تاران، کە بە داواکاری ڕوون و دیار وەسفی کردن.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژە ڕەت کردەوە و بە "نەگونجاو" وەسفی کرد. ترامپ رایگەیاندبوو کە تاران بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە تووشی زیانی گەورە بووە و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر گەرووەکەدا هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا "گەورەترین گەمارۆ لە مێژووی سەربازیدا" و "پەرژینێکی پۆڵاین" ی لە دەوروبەری گەرووی هورمز سەپاندووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە