1 کاتژمێر پێش ئێستا
108 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ میدیاكانی ئیسرائیل: نهتهنیاهوو چووهته ئیمارات و چوار كاتژمێر لهگهڵ بن زاید كۆبوهتهوه
پهیام
بنیامین نهتەنیاهوو لە سەردانێکی نهێنیدا گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ محەممەد بن زاید کۆبووەوە، بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل لە سەردانەکەدا پرسی ئێران و حەماس و هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تاوتوێکراون کە لە ئێستادا لە شەقامی ئیسرائیلدا باسوخواسی لەبارەیەوە دەکرێت.
میدیاکانی ئیسرائیل سەردانەکەیان ئاشکراکردووە و بەیانی ئەمڕۆ بڵاویان کردوەتەوە، بنیامین نهتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل یەکشەممە ٢٧ی ئەیلوول، بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە و لەڕێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە سەردانی ئیماراتی کردووە، کە هەمان ئەو فڕۆکەیە بووە پێشتر لە سەردەمی جەنگی دژی ئێراندا بۆ گەشتەکەی ئەبوزەبی بەکاری هێنابوو.
بەپێی سەرچاوەکان، نهتەنیاهوو و شاندە یاوەرەکەی بە چەند فڕۆکەیەک گەیشتوونەتە ئیمارات و دوای کۆبوونەوەیەک کە چوار کاتژمێری خایاندووە هەمان ڕۆژ گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل و، زۆربەی گفتوگۆکان بەتەنیا لەنێوان هەردوو سەرکردەدا بووە.
میدیاکانی ئیسرائیل، لەوانەش کەناڵی ١٢ و ڕۆژنامەی یسرائیل هیوم، لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستیان کردەوە کە سەردانەکە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پلانی بۆ دانراوە و بڕیار بووە بەوپەڕی نهێنییەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام پێش گەڕانەوەی شاندەکە بۆ ئیسرائیل، زانیارییەکانی گەشتەکە ئاشکرا کران.
کەناڵی ١٢ لە زاری دوو سەرچاوەوە و ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە سەردانەکەیان پشتڕاست کردەوە، لەکاتێکدا نووسینگەی نهتەنیاهوو ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک لەو بارەیەوە بخاتە ڕوو، هەروەها لایەنی ئیماراتیش تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ڕاپۆرتەکەی کەناڵی ١٢ نەداوە.
بەپێی ئەوەی زانیاری ئەو میدیایانەی سەردانەکەیان ئاشکراکردووە، کات و ساتی ئەم سەردانە جێگەی سەرنجە، بەوپێیەی نزیکەی مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل دێت، هەروەها تەنیا دوو ڕۆژ دوای گەڕانەوەی نهتەنیاهوویە لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و پێشتر ئیمارات و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو کە دواتر ئێران هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، هەر جووڵە و پیلانێک دژ بە ئێران کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.
جگە لەوەش ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا شەقامی ئیسرائیلی باسی و خواسی ئەوە گەرمە کە گوایە ئیمارات چەند رۆژێک پێش هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر زانیاری ئەوەی بە نهتەنیاهوو داوە کە حەماس هێرش ئەنجام دەدات، هەواڵەکەش ڕۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلیی بڵاوی کردبوەوە.
ڕۆژنامەکە بڵاوی کردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، شێخ محەممەد بن زاید هۆشداریی داوەتە نهتەنیاهوو سەبارەت بە نیازی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشێک، بەڵام نهتەنیاهوو هۆشدارییەکەی پشتگوێ خستووە و زانیارییەکانی بە بەرپرسانی باڵای ئەمنی نەداوە، نووسینگەی نهتەنیاهوو ئەمەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند پێش هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر هیچ هۆشدارییەکیان لە ئیماراتەوە پێنەگەیشتووە.
هاوکات سەردانەکەی نهتەنیاهوو لەکاتێکدایە کە پێکدادانی سەربازی و سیاسی توند لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە لە ئارادایە و وڵاتانی نێوەندگیر لە جووڵەدان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەو وڵاتانە و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لەکاتێکدا لە دەرهاویشتەی ئەو جەنگەدا ئێران چەندین جار ئیمارات و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی بۆردومان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە