1 کاتژمێر پێش ئێستا
161 جار خوێنراوەتەوە
كۆریای باشوور: ئۆكرانیا ڕێكهوتنێكی نهێنی ئاشكرا كردووه و پێویسته داوای لێبوردن بكات
بەهۆی ئاشکراکردنی ڕێککەوتنی نهێنیی گواستنەوەی دوو سەربازی دیلکراوی کۆریای باکوور کۆریای باشوور داوا دەکات ئۆکرانیا داوای لێبوردن بکات.
ئەم ناکۆکییە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دوو سەربازی کۆریای باکووری ڕادەستی کۆریای باشوور کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەدیلگرتنیان بە زیندوویی کارێکی ئاسان نەبووە". لەبەرانبەردا، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، مایەی نیگەرانییە کە ئۆکرانیا وردەکاری ئەو ڕێکەوتنەی ئاشکرا کردووە لەکاتێکدا ڕێکەوتنەکە نهێنی بووە.
لە کاردانەوەی ئەمەشدا، دیمیترۆ لیتڤین، یاریدەدەری زێلێنسکی ڕایگەیاند ئۆکرانیا "وڵاتێکی کراوەیە" و رایگەیاند، "ئێمە تەنیا ڕاستیی ناردنی ئەو دوو سەربازەمان بۆ کۆماری کۆریا ئاشکرا کردووە، هەرچەندە چیرۆکەکە درێژ و وردە".
سۆنگ گی هۆنگ، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور بۆ کاروباری ڕاگەیاندن، لە بەیاننامەیەکـدا ڕایگەیاند: "پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نهێنیپارێزی و ئاشکراکردنی زانیارییەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە، پرسێکی زۆر مەترسیدارە".
سۆنگ جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور داوای "ڕوونکردنەوە و لێبوردنی فەرمی" دەکات و سیئۆل تاوتوێی گرتنەبەری "ڕێوشوێنی پێویستی دیکە" دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە