1 کاتژمێر پێش ئێستا
180 جار خوێنراوەتەوە
موجتەبا خامنەیی پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: جەنگ، ئێرانی بەهێزتر کردووە
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بڵاو کردەوە، تێیدا جەختی لەسەر بەهێزبوونی توانا سەربازییەکان و هەژموونی ناوچەییی وڵاتەکەی کردوەتەوە و دەشڵێت: ئێستا ئێران بە چوارەم زلهێزی جیهان دەزانرێت.
لە پەیامەکەیدا خامنەیی ئاماژەی بە بەهێزبوونی ئێران لە قۆناغی پاشکۆیەتیی پێش شۆڕشەوە بۆ ئاستی هێزێکی کاریگەری ناوچەیی کرد. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئامادەییی جەماوەری، بەشداریی ژنان و بەهێزبوونی پێگەی سەربازی لە گەرووی هورمز و دەریای باشووردا، ڕایگەیاند جەنگی سەپێنراوی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوونەتە هۆی لاوازبوونی ئێران، بەڵکو توانای بەرگرییان بەراورد بە ڕابردوو زیاتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خامنەیی ئاماژەی بە دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان کرد و ستایشی ڕۆڵی ناوبراوی لە ڕێکخستنی بەرەی مقاوەمەدا کرد. هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ نەعیم قاسم، ئەمینداری ئێستای بزووتنەوەکە دووپاتی کردەوە و ڕەخنەی لەو لایەنە ناوچەیییانە گرت کە لە ململانێکانیاندا لەگەڵ ئیسرائیلدا پشتیان بە بەڵێنەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەستووە.
لە کۆتاییی پەیامەکەیدا، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بە ڕێبەرانی پێشووی ئێران (ئایەتوڵڵا خومەینی و عەلی خامنەیی)، جەختی لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە گشتییەکانی تاران کردەوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، توانای سەربازی و نیشتمانیی وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاستێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگیی هێز و ئاسایشی ناوچەکە هەیە. موجتەبا خامنەیی دەشڵێت "ئەمڕۆ ئێران بە چوارەم وڵاتی زلهێزی جیهان دەزانرێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە