2 کاتژمێر پێش ئێستا
186 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ئەمریکا هەوڵی تاڵانکردن و دابەشکردنی وڵاتەکەمان دەدات
وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەمریکا هەوڵی تاڵانکردن و دابەشکردنی ئێران دەدات. هاوکات ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بێت.
حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد دوژمن باش دەزانێت تاران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی دوژمن "تاڵانکردن و دابەشکردنی" ئێرانە.
وتەبێژی سوپای پاسداران، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی تواناکانی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ دروستکردنی چەکی بەرگریی نوێ. هۆشداریشی دا کە ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەکان شێوازێکی دیکە وەربگرن، ئەوا تارانیش چەکی نوێ دەهێنێتە مەیدانەکەوە.
سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا، حوسێن موحیبی، ڕایگەیاند سەرجەم سیناریۆکانی جەنگی ئابووری، و گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی شکستیان هێناوە و ئێران لەبەرانبەر ئەو هەنگاوانەدا دەستەوەستان نابێت. هەرچەندە گەمارۆی ئابووری ئەمریکا بە "تاوانێکی گەورە" دژی گەلی ئێران دەزانێت، بەڵام تاران ڕێوشوێنی پێویستی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گرتووەتەبەر.
بەرپرسەکەی سوپای پاسداران باسی لە ڕەوشی گەرووی هورمز کرد و ڕایگەیاند گەرووەکە بەتەواوی "داخراوە" و هەر بانگەشەیەکی واشنتن سەبارەت بە کراوەیی گەرووەکە "تەنها درۆیە".
موحیبی، ڕوونیشیکردەوە کە تێپەڕبوونی کەشتییە بچووکەکانی ئەمریکا لە شەودا و بە مەترسییەکی زۆرەوە، بە مانای کراوەیی گەرووەکە نایەت، بەڵکو وەک "قاچاخچێتی و دزی" هەژمار دەکرێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات، لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج یان بەر مینە دەریاییەکان دەکەوێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە