1 کاتژمێر پێش ئێستا
83 جار خوێنراوەتەوە
له هێرشێكی ئاسمانییدا فهرماندهیهكی سهربازی به ئامانجگیرا
لە هێرشێکی ئاسمانیی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر باڵەخانەیەک لە شاری غەززە، "عیززەدین بەیک" فەرماندەی لیوای باکوور لە کەتیبەکانی قەسسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس شەهید کرا.
بەپێی سەرچاوە فەلەستینییەکان، عیزەدین بەیک لە میانی جەنگەکەدا وەک جێگرەوەی ئەحمەد غەندور بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی لیوای باکووری کەتیبەکانی قەسامی گرتبووە دەست. هەروەها بنیامین نهتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی قەوارەی زایۆنی و یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا شەهیدبوونی ئەو فەرماندەیەی حەماسیان لە باکووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی بۆردومانکردنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی نەسڕ لە ڕۆژئاوای شاری غەززە دوو هاووڵاتی شەهید بوون.
میدیا فەلەستینییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی قەوارەکە سێ هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی "ئەلبەتول" لە ڕۆژئاوای کەرتەکە، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی ڕووداوەکە و برینداربوونی چەندین کەس کە بەشێکییان منداڵن.
هاوکات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، نەخۆشخانەی شەهیدانی ئاقسا ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینی بە دەستڕێژی گوللەی سەربازانی سوپای زایۆنی لە ڕۆژهەڵاتی شاری "دێرلبەلح" شەهید بووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، تا ڕۆژی دووشەممە، دەستدریژی و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە، بووەتە هۆی شەهیدبوونی ١٤٢١ فەلەستینی و برینداربوونی ٤٩٨٣ کەسی دیکە. هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە. لە ئەنجامی هێرش و کردەوە سەربازییەکانی قەوارە کاتییەکە زیاتر لە ٧٤ هەزار فەلەستینی شەهید بوون و زیاتر لە ١٧٥ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، سەرباری ڕووخانی نزیکەی ٩٠٪ی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی کەرتی غەززە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە