1 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
حەج و عومرەی عێراق: هۆکاری کەمیی دەرچووانی تیروپشکی حەج سنوورداریی پشکەکان بووە
پەیام
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق هۆکاری کەمیی دەرچووانی تیروپشکی حەجی بۆ سنوورداریی پشکەکان گەڕاندەوە، کە لە کۆی ١,٤٤ ملیۆن کەس کە ناویان تۆمارکردبوو، تەنها ٪٥,٥ دەرچوون و پشکی هەرێمیش ٥٤٦٥ کەسە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی خۆتۆمارکردن بۆ تیروپشکی ئەلیکترۆنیی ساڵەکانی (٢٠٢٧، ٢٠٢٨، ٢٠٢٩ و ٢٠٣٠) پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکراوە و یەک ملیۆن و ٤٤٣ هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە. بەڵام بەپێی ئەو پشکەی لەلایەن عەرەبستانی سعوودیەوە بۆ عێراق تەرخانکراوە، ڕێژەی دەرچووان تەنها نزیکەی ٪٥,٥ـی کۆی پێشکەشکاران بووە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەکە، پشکی ساڵانەی عێراق ٣٩ هەزار و ٦٩٠ حاجییە و بەپێی یاسا و ڕێکارە کارگێڕییەکان دابەش کراوە. لەو ژمارەیە، ٥٤٦٥ کورسی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە بەپێی ڕوونکردنەوەکە، ئەمە زیاترە لەو پشکەی پێشتر لەلایەن دەستەی حەج و عومرەی هەرێمەوە ڕاگەیەندرابوو به 345 كورسی. هەروەها ٤٧٣٧ کورسی بۆ دەزگای شەهیدان، ٣٥٠ کورسی بۆ دەزگای زیندانیانی سیاسی و ٢٦٤٥ کورسی بۆ کەرتی خزمەتگوزارییەکان تەرخان کراوە. ئەو ٢٦ هەزار و ٤٩٣ کورسییەی کە دەمێنێتەوە، بەپێی دوایین سەرژمێریی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکانی تری عێراقدا دابەشکراون.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دەستەی حەج و عومرە ئەولەوییەتی بە کەسانی بەتەمەن داوە و پرۆسەی خۆتۆمارکردنی ئەمجارە تەنها بۆ ئەو کەسانە بووە کە تەمەنیان ٤٥ ساڵ و بەرەو سەر بووە.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرنەچوون بە مانای شایستەنەبوون نایەت، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتیی کەمیی کورسییەکانە لەبەرانبەر ژمارەی زۆری ئەو کەسانەی فۆرمیان پڕ کردوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە