1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
دارایی پەرلەمان دەستبەرداربوونی عێراق لە یاسای قەرزکردن ڕادەگەیەنێت
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق عودەی عەواد ڕایگەیاند عێراق بە تەواوی دەستبەرداری پڕۆژەیاسای قەرزکردن بووە و لە ئێستادا هیچ پێویستییەک بە دەرکردنی ئەو یاسایە نەماوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، عودەی عەواد سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونی کردەوە کە لیژنەکەیان دەستبەرداری یاسای قەرز بووە، بەوپێیەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ لەلایەن حکوومەتەوە دەنێردرێت و تەواوی بڕگەکانی تایبەت بە قەرزکردن لە ناو دەقی بودجەکەدا جێگیر دەکرێن.
عەواد باسی لەوەش کرد کە لیژنەکەیان لەگەڵ بانکی ناوەندی تاوتوێی چاکسازیی سیستەمی بانکی دەکات تا هاوشێوەی بانکەکانی کەنداو قەرز و ئاسانکاریی دارایی و گەرەنتیی سپاردەکان پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن و متمانە بۆ بانکە حکوومی و تایبەتەکان بگێڕنەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی دۆلاریش، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد کە بێبەشکردنی هەندێک بانک لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی واقیعێکە و بەشێکیان سەر بە لایەنی سیاسین، جەختیشی کردەوە کە دەبێت بە تەواوی ڕێگری لە دەستێوەردانی سیاسی لە کەرتی داراییدا بکرێت و لە ڕۆژانی داهاتووشدا چارەسەری ڕوون بۆ ئەم کێشەیە دەخرێتەڕوو.
بڕیاری پاشەکشەکردن لە یاسای قەرزکردن لە کاتێکدایە کە بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بەردەوام پەنای بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی دەبرد، بەڵام لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکان و سنووردارکردنی قەرز لە ڕێگەی یاسای بودجەی گشتییەوە ئاراستە دەکرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە