58 خولەک پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پهیام
لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و سوور، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، و پلەکانی گەرماش سێ تا چوار پلە نزم دەبنەوە.
بەپێی زانیارییە کەشناسییەکان، لە ئێستادا لە هەندێک ناوچەی سنوری پارێزگاکانی دهۆک، کەرکوک و سەلاحەددین، تاوەباران و هەورەبروسکە چالاک بووە و لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
بۆ ڕۆژی سێشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە کاتەکانی نیوەڕۆوە شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین سەرەتا لە پارێزگاکانی دهۆک و نەینەوا دەستپێدەکات. پاشان لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا، بە شێوەیەکی لاوازتر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران دەگرێتەوە، کە خۆی لە بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ دەبینێتەوە و لە هەندێک شوێنیشدا هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕی کورتخایەنی لەگەڵ دەبێت. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی سێ تا چوار پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە و خێرایی با دەبێتە ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باکوور.
کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەولێر و ئیدارەی سۆران لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێدێت. لە کاتێکدا لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کەرکوک و ئیدارەی ڕاپەڕین لە کاتەکانی ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، و لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەیش تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی تشرینی یەکەم بەردەوامیی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە