1 کاتژمێر پێش ئێستا 126 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرت؛ له‌ یه‌مه‌ن چی ده‌گوزه‌رێت و دواین پێشهاته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان چین؟

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە، هێزە حکومییەکانی یەمــەن بە پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانی عەرەبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بە ناوی "فەجری یەمەن" بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری سەنعا و کۆنتڕۆڵکردنی بابولمەندەب دەستپێکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەشدا توانیویانە بگەنەوە کەناراوەکانی دەریای سوور. 

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" ی ڕاگەیاند بە مەبەستی گێڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنەوەی پایتەخت و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی چەکدارانی حوسی. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد وڵاتەکەی بە ئیرادەی گەل، ئازایەتیی پێکهاتە سەربازییەکان و هاوکاریی دۆست و هاوپەیمانەکانی بەرەو قۆناغێکی نوێی ئاشتی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت. هاوکات سوپای یەمەن ئاشکرای کرد کە بە بەکارهێنانی کەرەستە و توانستی سەربازیی پێشکەوتوو، دەستی بە هێرشێکی ستراتیژی بەرەو سەنعا کردووە. لەم بارەیەوە عەبدولمەلیک مەخلافی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی باسی لەوە کرد کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە جیاوازە لە پێشووەکان، بەوپێیەی ئامانج لێی پاراستنی دۆخی ئێستا نییە بەڵکو بنبڕکردنی پرۆژەی حوسییەکانە لە سەنعا؛ ناوبراو پێیوایە حوسییەکان بە هەڵگیرساندنی شەڕی ئەلموخا، کەناراوەکانی ڕۆژاوا، بابولمەندەب و حوجەرییە تووشی هەڵەی کوشندە بوون و کەوتوونەتە نێو داوی کردارەکانی خۆیانەوە. 

لەسەر ئاستی مەیدانی، هێزە حکومییەکان پێشڕەویی بەرفراوانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژاوای وڵات ڕاگەیاند و ئاماژەیان بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی زوباب و چەندین پێگەی ستراتیژی لە نزیک گەرووی بابولمەندەب لە ڕۆژاوای پارێزگای تەعز کرد. عەقید روکن ماجید عەبدوڵڵا نوزیەیلی، وتەبێژی فەرمیی سوپای یەمەن ڕوونی کردەوە کە یەکەکانی لیواکانی عەمالیقە و درعی نیشتمان دەستیان بەسەر گەرووی بابولمەندەب و شارۆچکەی زوبابدا گرتووە، جگە لە بڕینی تەواوەتیی ڕێگەی سەرەکیی نێوان زوباب و ئەلموخا و سەپاندنی کۆنترۆڵی ئاگرین بەسەریدا. 

لەبەرانبەردا، ئاژانسی هەواڵی سەبای سەر بە حوسییەکان ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە پێشڕەویی بەرەو زوباب بڵاوکراونەتەوە ڕەت کردەوە و بە ناڕاستی لەقەڵەم دان، و رایگەیاند ئەو هەواڵانە تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی بەردەوامی هێزەکانی بەرانبەر بڵاودەکرێنەوە. 

سەبارەت بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی ئاشکرای کرد کە بەرەبەیانی دووشەممە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە و لە یەکەم ساتەوەختدا ٣٢٤ ئامانجی باڵایان پێکاوە و تێکیان شکاندووە. ناوبراو دووپاتی کردەوە هاوپەیمانی عەرەبی بە ٢٤ کاتژمێری پشتیوانیی ئاسمانی بۆ هێزە چەکدارەکان دابین دەکات، پاراستنی گەرووی بابولمەندەب مسۆگەر دەکات و بەردەوام چاودێریی ئامانجە جووڵاوەکان دەکات. 

لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی سوپای یەمەن ڕایگەیاند لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆ" دا، ١١٢٢ هێرشی وردیان دژی حوسییەکان ئەنجام داوە کە بووەتە هۆی لەکارخستنی ١٧٤٧ چەکداری ئەو گرووپە؛ لەو هێرشانەشدا سەنگەرەکان، تۆپخانە، مووشەکهاوێژ، ڕێگەکانی پەڕینەوە، کەرەستەی لۆجستی و ناوەندەکانی فەرماندەیی لە میوەرەکانی سەعدە، جەوف، تەعز و کەناراوەکان کراونەتە ئامانج. 

لەلایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەم قۆناغە هەستیارەدا هەڵوێستێکی دوورەپەرێزانەی هەیە و نایەوێت بەشداری لە هیچ کردەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆدا دژی گرووپی حوسییەکان بکات، بەڵام لە سعودییە کۆبوونەوەی ئەندامانی ڕێکەوتننامەی مەککە ئەنجام دەدرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی بەرگریی سعودیە، تورکیا و پاکستان تاوتوێی پرسی جەنگی یەمەن و گرووپی چەکداریی حوسییەکان دەکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 کاتژمێر پێش ئێستا

    ڕاپۆرت؛ له‌ یه‌مه‌ن چی ده‌گوزه‌رێت و دواین پێشهاته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان چین؟

  • 2 کاتژمێر پێش ئێستا

    شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    لە ساڵیادی حەوتی ئۆکتۆبەر؛ کەناری رۆژاوا و دەروازەکان دادەخرێن

  • 7 کاتژمێر پێش ئێستا

    سعودییه‌.. وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ڕێكه‌وتنی مه‌ككه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌

  • 7 کاتژمێر پێش ئێستا

    عەراقچی: تاران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە

  • 18 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئێران لێكۆڵینەوە لە بۆچوونی ئەمریكا بەرانبەر پلانە حەوت خاڵییەكەی دەكات

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران: گەرووی هورمز ناکەینەوە تا مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    لە یەمەن دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیسترا

سەرەتا