1 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
زەیدی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕێكی زۆر دۆلار دەخەینە بازاڕەوە
پەیام
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕێكی زۆر دۆلار دەخەینە بازاڕەوە تاوەكو ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بكەین.
كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەبارەی پرسی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار شەوی ڕابردوو بەڕێوە چوو.
كۆبوونەوەكەدا لەنێوان عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران جێگرەكەی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنەكە تایبەت بوو بە چەند پرسێكی سیاسی و ئابووری لەناویشیاندا نرخی گۆڕینەوەی دۆلار.
لە كۆبوونەوەكەدا عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند سێ بژاردەی دیكەمان لەبەردەمدا بوو كە بریتی بوون لە پەنابردن بۆ پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچە یان دابەشكردنی مووچە هەر 45 ڕۆژ جارێك، یان پەنابردن بۆ قەرزی دەرەكی كە عێراق خۆی لەئێستادا قەرزێكی زۆری لەسەرە و كاتێك كابینەكەی وەرگرتووە عێراق 208 تریلیۆن دینار قەرزدار بووە.
عەلی زەیدی ڕایشیگەیاند مانگانە بۆ مووچە پێویستیان بە 10 تریلیۆن دینارە، بەڵام سەرەڕای بوونی قەیرانی نەختینەیی مووچەیان دابەش كردووە.
هاوكات زەیدی ڕایگەیاند هەندێك كە مەبەستیان خراپە ویستوویانە كەلێن بخەنە نێوان ئێمە و چین و توێژەكانی گەلەكەمانەوە.
زەیدی ڕاشیگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕێكی زۆر دۆلاری كاش دەگاتە دەست حكومەتەكەی و دەیخەنە بازاڕەوە بۆ ڕێگرریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار لە بازاڕدا.
لە بەرانبەردا هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لە بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار كردەوە و وتی پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكەدا نییە.
حەلبووسی ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرۆكی تەواوی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان پشتیوانی لە بڕیارەكە دەكەن و لەگەڵیدان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا فالح ساری وەزیری دارایی عێراق پابەندبوونی وەزارەتەكەی بە دابەشكردنی مووچە دووپات كردەوە كە بڕەكەی مانگانە 7پۆینت 7 تریلیۆن دینارە.
وەزیری دارایی وتیشی داهاتی نانەوتی زیادی كردووە و ڕێژەكەی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا لەسەدا 19یە لەكاتێكدا لە بودجەی پێشووتردا لەسەدا 11 بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە