56 خولەک پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
سوریا دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ ئوردون داخست
پەیام
دەروازەی سنوریی نەسیب لەنێوان سوریا و ئوردون بەهۆی بۆردومانە ئاسمانییەکەی ئوردون بۆسەر سووریا داخرا.
دەستەی گشتیی دەروازە سنورییەکان و گومرگی سوریا بڕیاری دا دەروازەی سنوریی نەسیب لەگەڵ وڵاتی ئوردون دابخات و سەرجەم جووڵەی گەشتیاران و بازرگانی لە هەردوو ئاراستەدا ڕابگرێت. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، ئەم بڕیارە بەهۆی بارودۆخی ئێستا و پێشهاتە مەیدانییەکان دراوە، بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ لەو دەروازەیەدا ڕابگەیەنرێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە سوپای ئوردون پێشتر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لە ناو خاکی سوریا بە ناوی "رێگریی ئوردونی - حەمود" ڕاگەیاندبوو، کە تێیدا چەندین پێگەی لە باشووری سوریا کرابوونە ئامانج.
سوپای ئوردون ڕوونی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشە چەکدارییەی کە هەینیی ڕابردوو کەنیسەیەکی لە گوندی حەمودی سەر بە پارێزگای کەرەک کردە ئامانج و چەندین قوربانی لێ کەوتەوە. بە وتەی سوپا، ئەنجامدەرانی هێرشەکە سەر بەو ڕێکخراوانەن کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەوە بۆردومان کراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوە سەربازییەکەی ئوردوندا ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکان توانیویانە ژمارەیەک لە پێگە و ئۆتۆمبێلی ئەو ڕێکخراوانە لە ناوخۆی سوریا تێکشکێنن و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان کوژران و بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە