1 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
پاراگوای.. هەژماری بانکیی ٣ ملیۆن هاووڵاتی لەکار خراون و بەکارهێنەران ڕژاونەتە سەر شەقام
وڵاتی پاراگوای ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دارایی و سیاسی دەبێتەوە، ئەمەش پاش ئەوە دێت، بانکی یوینیۆ کە یەکێکە لە گەورەترین بانکە دیجیتاڵییەکانی ئەو وڵاتە، تووشی داڕمانی دارایی دەبێت
دوو ڕۆژ لەمەوبەر و لە ٣ـی تشرینی دووەم، بانکیی ناوەندیی پاراگوای، دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لە کارەکانی بانکی یوینیۆ کرد، پاش ئەوەی دەرکەوت کە ڕێژەی توانای دارایی بانکەکە بۆ خوار ٥٠٪ی ئاستی دارایی کە بەپێی یاسا دیاری کراوە، دابەزیوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران فەرمان بە ڕاگرتنی کارەکانی بانکەکە بکەن.
لە ئەنجامی ڕاوەستانی کارەکانی بانکەکە، هەژماری نزیکەی ٣ ملیۆن بەشداربووی بانکەکە لەکار کەوتن و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی بانکەکە ڕاوەستا. هەروەها مەترسی کەوتووەتە سەر سەرمایەکانی کەرتی گشتیش، بەوپێیەی بانکەکە زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری کەرتی گشتیشی لابووە.
لە ٤ی تشرینی دووەمدا، خۆپیشاندانی بەرفراوان وڵاتەکەی گرتەوە و خۆپیشاندەران داوای دەستبەجێ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە و گەڕانەوەی هەژمارەکانیان دەکەن.
بە هۆی ڕووداوەکەوە، هەشت بەرپرسی باڵای بانکەکە دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە تاوانە دارایییەکان و شکاندنی بەڵێننامەی دارایی.
سانتیگۆ پێنیا، سەرۆکی پاراگوای، تاوەکو ئاداری ٢٠٢٥ خاوەنی پشک بووە لە گرووپی "ڤازکێز" کە ئەو گروپە کۆنتڕۆڵی بانکی یوینیۆیان دەکرد. ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر بوونی بەرژەوەندیی تایبەت و پەیوەندییە سیاسییەکان دروست کردووە. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، پڕۆژەی لێسەندنەوەی متمانەیان دژی سەرۆک و جێگری سەرۆک پێشکەش کردووە. ٣٥ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن، پشتیوانییان لە پرۆژەکە کردووە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە پشتیوانیی تەواوی پەرلەمان هەیە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە و لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی وڵات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە