20 خولەک پێش ئێستا
15 جار خوێنراوەتەوە
ئەورووپا 10 ملیۆن یۆرۆ بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئاوی عێراق تەرخان دەكات
پەیام
یەكێتیی ئەورووپا تەرخانكردنی
10 ملیۆن یۆرۆی بۆ پاڵپشتیی گفتوگۆی نیشتمانیی ئاو و باشتركردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە
ئاوییەكان لە عێراق ڕاگەیاند.
ڕاگەیاندنەكە لەسەر زاری
كلیمێنس سمتنەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق، لە كاتی یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی
ئاراستەكاری گفتوگۆی نیشتمانیی ئاو بوو، كە بە بەشداریی موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەكانی
ئاو بەڕێوەچوو.
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا
ڕوونی كردەوە، ئەو پارەیە بۆ پشتگیریی گفتوگۆی نیشتمانی و هەوڵەكانی ڕێكخراوی «یونیسێف»
تەرخان دەكرێت، بە مەبەستی باشتركردنی دەستگەیشتنی كۆمەڵگا زیانلێكەوتووەكان بە
ئاوی خواردنەوە، هەروەها ئاماژەی بە دەستپێكردنی پڕۆژەیەك لە پارێزگای بەسرە تا سەرەتای
مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو كرد بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاو تێیدا.
لای خۆیەوە، وەزیری سەرچاوەكانی
ئاو جەختی كردەوە كە پشتبەستنی عێراق بە سەرچاوەی ئاوی دەرەوەی سنوورەكانی، هاوكاری
لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەكاتە بابەتێكی یەكلاكەرەوە.
هەروەها دووپاتی كردەوە
كە دانوستان بۆ مسۆگەركردنی پشكی ئاویی عێراق بەردەوام دەبێت و پێویستە سیاسەتەكانی
پەیوەست بە كشتوكاڵ، وزە، پیشەسازی و ژینگە بەپێی دیدگایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو هەماهەنگ
بكرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە