17 خولەک پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم بەغداد بە پێشێلكردنی شەش تەوەری سەرەكیی دەستوور تۆمەتبار دەكات
پەیام
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی
كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا دەسەڵاتی فیدراڵی تۆمەتبار دەكات بە پێشێلكردنی شەش تەوەری
سەرەكیی دەستووری عێراق و ڕایدەگەیەنێت ئەم پێشێلكارییانە لە ساڵی 2005ەوە تاوەكو
2025 بەردەوام بوون.
بەپێی ڕاپۆرتێكی فەرمانگەی
میدیا و زانیاری، پێشێلكارییەكان پەیوەندییان بە بنەمای فیدراڵیزم و هاوبەشیی ڕاستەقینە،
جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، جێبەجێنەكردنی مادەی 140، سیاسەتی دارایی و بودجە، بەڕێوەبردنی
نەوت و گاز و پەكخستنی دەستپێكردنی یاسا فیدراڵییەكانەوە هەیە.
ڕاپۆرتەكە ئاشكرای كردووە
ئەنجوومەنی فیدراڵی، سەرەڕای دیاریكردنی ساڵی 2010 وەك دواوادە بۆ پێكهێنانی، هێشتا
دامەزراوەكەی پێك نەهاتووە، جێبەجێكردنی مادەی 140 نزیكەی 20 ساڵە دواخراوە و پشكی
بودجەی هەرێمی كوردستان، دوای بڕین و لێدەرهێنانەكان، لە باشترین دۆخدا تەنیا بە
5% گەیشتووە. هەروەها ئاماژەی بە بڕینی مووچەی هەشت ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوان
ساڵانی 2014 تا 2025 كردووە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا
هاتووە كە نوێنەرایەتیی كورد لە دامەزراوە فیدراڵییەكان، بە تایبەتی دامەزراوە سەربازی
و ئەمنییەكان، بۆ كەمتر لە یەك لە سەد دابەزیوە، هەروەها زیاتر لە 14 یاسای گرنگی
دەستووری هێشتا دەرنەچوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
جەختی لەوە كردووەتەوە كە قەیرانی هەولێر و بەغدا تەنیا ناكۆكییەكی دارایی نییە، بەڵكو
قەیرانی جێبەجێنەكردنی دەستوورە و گەڕانەوە بۆ دەستوور و دابینكردنی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە
بە ڕێگای چارەسەركردنی دەزانێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە