11 خولەک پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
عێراق... قۆناغی دووەمی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەست پێ دەکات و وەزیر دەگرێتەوە
پەیام
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی فەرمی، قۆناغی دووەمی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دژی گەندەڵی لە عێراق دەست پێ دەکات و وەزیرانی پێشوو و بەرپرسانی باڵا دەکاتە ئامانج.
ئەو سەرچاوەیە ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە دا، قۆناغی دووەم تێوەگلاوانی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە وەزیرانی پێشوو، بریکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەگرێتەوە، بەوپێیەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق فەرحان فەرتوسی کە لە میسرەوە گەڕێنراوەتەوە، تێوەگلانی کەسایەتییە ناسراو و باڵاکانیان لە دۆسیە مەترسیدارەکانی گەندەڵیدا ئاشکرا کردووە. لەو چوارچێوەیەدا تیمی تایبەتی حکومی لە کۆکردنەوەی بەڵگە سەلمێنەرەکان و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی تێوەگلاوان بەردەوامە.
هاوکات ڕۆژی شەممە، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق فەرحان فەرتوسیی لە قاهیرە بە هەماهەنگی لەگەڵ میسر ڕاگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی لەماوەی بەڕێوەبردنی بەندەرەکاندا، لە کاتێکدا حکومەت هەوڵەکانی بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت و بەهێزکردنی چاودێری لەسەر دەروازە دەریاییەکان چڕ کردووەتەوە. قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی بەرەبەیان لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەستی پێ کرد و بەرپرسانی سیاسی، پەرلەمانتاران و بازرگانانی گرتەوە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە "قۆناغی یەکەم" ـی ڕێکارە فراوانترەکانی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی ناوی برد و دەزگا چاودێرییەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی هەر ئاماژەیەکی گەندەڵی و کەمتەرخەمی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە