عهلی حهمهساڵح
29/10/2020
393 جار خوێنراوەتەوە
لەیادی لە دایکبونی پێغهمبەر (درودی خودای لەسەر بێت)
عهلی حهمه ساڵح
ھاتنی موحەمەد (درودی خودای لەسەر بێت)، ڕەحمەتێکی خودا بوە بۆ دادپەروەری و یەکتاپەرستی و ڕوبەڕوبونەوەی زوڵم و ستەمکاری.
ئێستاش لەیادی لەدایکبونی پێغەمبەردا (درودی خودای لەسەر بێت) ھەندێک بەکاریکاتێر بێڕێزی بە پێغەمبەر دەکەن و ھەندێکیش (لەوانە تورکیا) ئەم دۆسیە بۆ سیاسەت بەکاردەھێنن، کە خۆیان تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەر مرۆڤایەتی و موسوڵمانان ئەنجام دەدەن.
بەندە یەکێکم لەو ٢٥ پەرلەمانتارەی واژۆمکردوە لەسەر نیگەرانی ئەو کاریکاتێرانەی بەرامبەر پێغمبەر کراوە، بە زمانێکی دیبلۆماسی نوسراوە، زۆرترین بەشی یاداشتەکەش باسی ڕۆڵی گەورەی فەڕەنسا دەکات لە پشتیوانی گەلی کورد، لەبەشێکی دیکەدا و لە تەنیشی پێکەوە ژیان لەم وڵاتە نوسراوە( نیگەرانین بەو ڕەفتارەی بەرامبەر پێغمبەر ( درودی خودای لەسەر بێت) کراوەو باوەڕمان بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ھەیە!
ئایا بەو پەڕی ڕێزەوە بڵێیت: نیگەرانین لەوەی بێڕێزی بەرامبەر پێغمبەرمان کراوە! تاوانە؟
زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسوڵمانن، ھیچ حیزب و سەرکردەیەک بە ساڵێکیش ١٠٪ ئەو ھاوڵاتیانەی بۆ کۆنابێتەوە، کە ڕۆژانی ھەینی ڕودەکەنە مزگەوتەکان، ئایا ئەوانە نیگەراننین بەوەی پێغەمبەرکەیان بکرێتە کاریکاتێر؟.
بۆ زانین بەپێی بڕیاری دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٨ : بێڕێزی بەرامبەر پێغمبەر ( درودی خودای لەسەر بێت ) ناچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین.. ئێمەش ھەر وامان وتوە.
ئەمە چ دکتاتۆریەتێکە!! منێک ئەگەر بڵێم نیگەرانم بەوەی پێغمبەرەکەم کراوە بەکاریکاتێر، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان نەکەم! بەڵام یەکێک پشتیوانی ھەموو کارێکی ڕەواو ناڕەوا بکات لە فەڕەنساوە بکرێت( بەکاریکاتێرەکانیشەوە) نوێنەرایەتی خەڵک دەکات!
ھەندێک کەس دەیانەوێت، ئەم نیگەرانییە بگۆڕن بەوەی گوایە پشتیوانی سیاسەتی ئەردۆگانە!.
ئەوەندەی پەیوەندی بەخۆم ھەیە، ئەم خوێندنەوە بە ناڕەوا دەزانم: ئەو تاوانەی تورکیاو ھەندێک وڵات کردویانە بەرامبەر ئیسلام، بێ وێنەن!.
کاتێک حاکمێک لەژێر بەرگی دین خەریکی کوشتن و زیندانی موسوڵمانانیی بێتاوانە! لەژێر بەرگی دین موسوڵمان زیندانی دەکات و دەیکوژێت و شەرعیەت بکردنەوەی ھەزاران ناوەندی لەشفرۆشی دەدات! تاوانەکەی زۆر گەورەتری کردوە!.
ئەوە ئێمە بوین لە پەرلەمانی کوردستاندا باسی تاوانی ئەردۆغانمان کرد بەرامبەر گەلی کورد و کوشتنی سەدان کەس بە ناھەق.
ئەوە ئێمەبوین وەلامی کونسوڵی تورکیاماندایەوە کە ئەزمونی ڕۆژئاوای بەتیرۆر ناوبرد!! "لینکی قسەکان لە کۆتایی ئەم وتارەیە"!
بەڵێ، ئەوە ئەردۆگانە ھەزاران موسوڵمانی سەربە فەتحویلا گویلەنی لەسەر کاری ڕێکخراوی و بیری سیاسی زیندانی کردوە، ھەزاران کوردی بەناحەق خستوتە زیندان!! ئەوە ڕژێمی تورکیابوو بە ناحەق سەدان کوردی موسوڵمانی شەھیدکرد.
پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت) دەڵێ: من لا يشكر الناس لا يشكر الله.
بەڵێ، ئەوە دەوڵەتانی ئەورپابون دەرگایان بۆ ملیۆنان موسوڵمانی لێقەوماو کردەوە، پێویستی ژیان و دەرفەتی خوێندنیان بۆ خولقاندن، ڕێگایاندا مزگەوت بکەنەوەو بانگھێشتی ناموسڵمانەکانیش بکەن بۆ سەر ئاینی ئیسلام، بەڵام وڵاتانی خەلیج دەرگایان تەنیا بۆ سەرمایەداران کراوەیە!
بەڵی توندو تیژی و کوشتن و سەربڕین لە ئەورپاو ھەر شوێنێکی دونیا تاوانەو خزمەت بە ئیسلام ناکات، ئیسلام لە ڕێگەی نمونەی جوانی پێکەوەژیان و ڕەفتاری بەرزەوە گەشە دەکات و ئەروپاش ئەو دەرگایە کە ئیسلام لەڕێگایەوە گەشە دەکات..
ئەم ڕەفتارانەی ئەورپا یەکسان نیە بەوەی ئەگەر بێڕێزیەک بەرامبەر پێغمبەرەکەم کرا، نەتوانم نیگەرانی دەرببڕم.
بەڵێ من دوو جار کە خۆم ھەڵبژاردوەو دەنگی ساختەکاریم نەھێناوە وەک خەڵکی دیکە، ئیمان و باوڕیشم بۆ دەنگدران ئاشکرابوەو جارێک ١٤٠ ھەزارو جارێک ٩٣ ھەزار دەنگم ھێناوە، ئێستاش نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە دەکەم کە نیگەرانن بەوەی پێغمبەر بکرێتە کاریکاتێر! ئاسایە خەڵکی دیکەش بڵێت: نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە دەکەم کە کاریکاتێری پیغمبەر لایان کارێکی ئاساییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهلی حهمهساڵح