عه‌لی حه‌مه‌ساڵح 19/04/2022 236 جار خوێنراوەتەوە

رێککەوتنی دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان

بەردەوامیدان بەم ڕێککەوتنە، کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، ئیدارەی سلێمانی لە دوو لاوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە، ئەم ڕێککەوتنە ڕانەگەیندراوە و نەخراوەتە سەر کاغەز، بەڵام تەنیا ڕێککەوتنە لە کورستاندا بەتەواوەتی جێبەجدەکرێت.
لەماوەیەکی کورتدا و لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە، سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت.

بەشی یەکەم: موچە
 ئەو پارەیەی نەوت کە دەگەڕێتەوە، ٤٣٪ بۆ موچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانییەو ٥٧٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆکە. 
بۆ نمونە: مانگی ٢ی ئەم ساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتیی بڕەکەی (٤٨٨ ملیۆن دۆلار) بووە، بڕی (٢٠٩ ملیۆن دۆلار) بۆ ئیدارەی سلێمانی و ئەوی دیکە بۆ هەولێرو دهۆک. 
ئەگەر پارەی نەوت بەشی موچەی نەکرد، هەر سنوورە و تەواوکردنی موچە لە داهاتی خۆی بدات، بۆ نمونە مانگی ٢ی ئەم ساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت (٤٨ ملیۆن دۆلار) بدات، هەولێریش (٦٤ ملیۆن دۆلار)، سلێمانی نەیتوانی لە کاتی خۆیدا (٤٨ ملیۆن دۆلار)ەکە دابین بکات، ئەمەش وایکرد موچەی بەشێک لە موچەخۆرانی سنووری ئیدارەی سلێمانی دوا بکەوێت.

بەشی دوەم: پرۆژەکان
سەرۆکی حکومەت، دەبێت بڕیار لە هەمو پرۆژەکانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەک هەولێرو دهۆک، بەڵام پرۆژەکانی سلێمانی بەداهاتی سلێمانی خۆی جێبەجێبکرێت، بەرپرسانی سلێمانیش دەڵێن: داهات نییە، ئێستا هەرچی پرۆژەیەی سنووری سلێمانیە وەستاوە.
سەرۆکی حکومەت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی و گەندەڵی و دۆسیەی زەوی سنووری سلێمانی و  بێ پرۆژەیی ناکەن، چونکە زیانەکە تەنیا لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی سلێمانیش لە حکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل و باج و زەوی و هیچ شتێکی سنووری هەولێر و دهۆک ناکەن، ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حکومەت رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی هەیە، پشکی سلێمانی چوارسەد هەزار لیترە و هەموو دەدرێتە کۆمپانیای (سەن ئۆیڵ) و بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت دێڕێک ناڵێن! 

‏‎سێیەم: دەرمان و نەسریەو خەرجی فەرمانگەکان
هەر سنوورەو دەبێت، خەرجی هێزی ئەمنی و سەربازی و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان، خواردنی نەخۆشخانەو زیندانەکان و دەرمان و پێداویستی تەندروستی و کۆکردنەوەی خاشاک، لە داهاتی خۆی دابین بکات، ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لە داهاتی خۆی دابینی بکات باهیچ کام لە مانە نەکات، تەنانەت بۆ کڕینی چەک و فیشەکییش، هەر دەبێت لە داهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت.
ئێستاش سلێمانی دەڵێ: داهاتی پێویست نییە بۆ ئەمانە، بۆیە لە ئێستادا لەبەر نەبوونی دەرمان نزیکەی ١٠٠ توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە مەترسی مردندان.

کێ بەرپرسە: 
یەک: ئەوەی راستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنووری و ئیدارەدانی سنووری سلێمانی هەیە هەریەک لە (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)یە، پاشان ئەگەر دەشڵێن: داهاتی ئەم سنوورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لە حکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەی ڕازین.

دوو: سەرۆکی حکومەت، لە رووی یاسایی و حوکمڕانییەوە بەرپرسی یەکەمە، لە کوێی یاساو کارنامەی حکومەت هاتووە بڵێت: خەزێنەی گشتیی نەبێت، لەچەک و تەقەمەنیەوە هەتا کۆکردنەوەی خاشاک و دەرمان هەر سنورەو لە داهاتی خۆی بیکات؟ 

بەڵێ: لە باشماخ قاچاغ هەیە، بەڵام لە واقیعدا داهاتی خاڵەسنووریەکانی هەولێرو دهۆک، کە لەگەڵ سێ وڵاتدایە زیاترە لە سلێمانی. 
ژمارەی کۆمپانیاکانیش لە هەولێرو دهۆک، سێ هێندەی سلێمانین، بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵک لە سلێمانی ئامادە نییە بەتەواوی پەیوەست بێت بە پێدانی رسوماتی ئاو و کارەباوە.

ئەنجام: 
یەک: ئێستا ئیدارەی سلێمانی، دەڵێ: هەمو هەوڵ بۆ دابینکردنی موچە و بەشێک لە نەسریەی فەرمانگەکانە، بۆیە هەرچی پرۆژەیە خزمەتگوزاری وەک ئاو و رێگاوبان و نەخۆشانە .. هتد، وەستاوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا نەبوونی خزمەتگوزاری و گرفتی دەرمان، دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵکی و تەنانەت چاڵی شەقامەکانیش پڕ ناکرێتەوە.

دوو: لە ئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە (٤٨ ملیۆن دۆلار) بۆ موچەی سنووری خۆی دابین دەکات،  لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ موچە دابین بکات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بن، گرفتی گەورە بۆ بەشێک لە موچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت. 

سێ: ئەم دوو ئیدارەیە رانەگەیاندراوە، زیانێکی گەورەی لە کۆی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی کردوەتەوەو بەرپرسی راستەقینە لە دۆخەکە وندەکات، بەیەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە، خەڵک دەکرێتە قوربانی.
چوار: جگە لە نەبوونی پرۆژە، بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومیەکانی سلێمانی مەترسی ڕاوەستانی هەیە، نەخۆشخانەکان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تێدا نەمێنێنێت.
 
تێبینی
بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و دهۆک) و ( سلێمانی) بۆ تەمویلی موچە دەیدەن، لە ئێستادا لەسەرتاسەری کوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو  کەمکراوەتەوە.
مانگی ٢ی پارساڵ (٣٧٤ ملیار دینار) لە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ موچە تەرخاندەکرا، جگە لەوەش لە داهاتی ناوخۆ بۆ پرۆژە و خەرجی فەرمانگەکان تەرخاندەکرا، کەچی ناتواندرێت بۆ کۆی کوردستان ئێستا (١٦٤ ملیار دینار) لە کاتی خۆیدا بۆ موچە دابین بکرێت! 
سەرەتای پار ساڵ، مانگانە هەولێر و دهۆک (٢١٣ ملیار دینار) و سلێمانی (١٦١ ملیار دینار) تەرخاندەکرد بۆ تەمویلی موچە، بەڵام ئێستا مانگانە هەولێرو دهۆک (٩٣ ملیارو ٤٨٠ ملیۆن دینار) سلێمانی (٧٠ملیارو ٥٢٠ ملیۆن دینار)؛ کەچی هێشتا ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت ئەم بڕە لە کاتی خۆی دابین بکات.

چارەسەر: 
پێویستە داهات بە دروستی لە سەرتاسەری کوردستان کۆبکرێتەوە، پاشان بە دادپەروەری بەسەر شارەکاندا جێبەجێبکرێت. 
پرۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمان و ئەم دادپەروەریەی تێدا بچەسپێت.
 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا