22/02/2025
492 جار خوێنراوەتەوە
جیهان.. قەیرانی ئۆكسجین ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسییەوە
پەیام
بەپێی ڕاپۆرتێك، زۆربوونی نەخۆشییەكان بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكاندا ئەوەش ژیانی ملیۆنان كەسی لە سەرتاسەری جیهانی خستووەتە مەترسیەوە.
ماڵپەڕی "ساینس ئالێرت"ی زانستی بڵاوی كردووەتەوە: جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی بەردەستبوونی ئۆكسجینی دەستكردی تەندروستی دەبێتەوە، ئەوەش لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەری بە هۆی بیهۆشكردن بە مەبەستی نەشتەرگەری و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی پەیوەندییان بە سییەكانەوە هەیە، وەك هەوكردنی سییەكان.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ساڵانە نزیكەی 374 ملیۆن كەس لە جیهاندا بۆ مانەوە لە ژیاندا پێویستیان بە ئۆكسجینی دەستكرد هەیە، ئەم پێویستییەش بەردەوام لە زیادبووندایە، لە كاتێكدا كەمتر لە یەك لەسەر سێی كەسەكان لە وڵاتە نەدارەكاندا دەتوانن ئەم چارەسەرە ژیانڕزگاركەرە بەدەست بهێنن.
ئۆكسجینی دەستكرد ماوەی 150 ساڵە لە بواری پزیشكییدا لە جیهاندا بەكار دێت، بەڵام لە ئێستادا لە وڵاتانی كەمداهات و مامناوەنددا، ئامێری پێوانەكردنی ئۆكسجینی خوێن تەنیا لە سەدا 54ی نەخۆشخانە گشتییەكان و 83ی نەخۆشخانە زانكۆییەكان بەردەستە و لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناشەوە زیاتر هەست بە گرنگیی ئەم چارەسەرە كرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە