2 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
بۆ پەرەنەسەندنی ململانێ سەربازییەكانى ئێران و ئەمریكا، سوپاسالاری پاكستان لە تارانە
پەیام
سوپاسالاری پاكستان بە مەبەستی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن و چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان و ڕاگرتنی پەرەسەندنی ململانێیە سەربازییەكانی ناوچەكە، گەیشتە ئێران.
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاكستان، لە سەردانێكیدا گەیشتە تاران، ئەم هەنگاوەی ئیسلام ئاباد وەك هەوڵێكی باڵا دەبینرێت بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.
سوپای پاكستان دووپاتی كردەوە كە ئامانجیان گێڕانی ڕۆڵێكی كارایە بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕ و ململانێیانەی ئێستا ناوچەكەیان گرتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی، تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان بریتییە لە دووبارە كاراكردنەوەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانی نێوان تاران و واشنتن. لایەنی ئێرانی لەم دیدارەدا چەند خواستێكی خستووەتە ڕوو، لەوانە: ئازادكردنی داراییە بەستووەكانی ئێران، دابینكردنی ئاسایشی كەشتیوانی لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەكان و ڕاگرتنی ئەوەی تاران بە "ئیستفزازی سەربازیی ئەمریكا" ناوی دەبات.
لە بەرانبەردا، ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كردووە، هەرچەندە پێشكەوتنی سنووردار لە وتووێژەكاندا بەدی دەكرێت، بەڵام پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هێشتا وەك بەربەستێكی گەورە لەبەردەم هەر ڕێككەوتنێكی كۆتاییدا ماوەتەوە.
چاودێران ئەم سەردانەی فەرماندەی سوپای پاكستان بە هەوڵێكی جدی و گرنگ بۆ ڕێگری لە تەقینەوەی تەواوەتی دۆخی ئەمنی ناوچەكە دادەنێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە