02/03/2025 387 جار خوێنراوەتەوە

کام نەخۆشیی دەروونی دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت

نەخۆشی عوزرە بۆ بەڕۆژوونەبوون:
بەگوێرەی پەیڕەوی ئیسلام، هەندێک کەس دەتوانن بەڕۆژوونەبن، یەکێک لەو کەسانە کەسێکە کە نەخۆش بێت، خوای گەورە کاتێک باسی مانگی ڕەمەزان دەکات، دەفەرموێت: "فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ: جا كهسێك له ئێوه مانگی ڕهمەزانی بینی (یان هەواڵی بینینی پێدرا)، دەبا ئەو مانگه بەڕۆژوو بێت، ئەوەش كه نەخۆشبێت یان له سەفەردا بێت با لەڕۆژانی تردا بەو ئەندازه بیگرێتەوە، چونكه خوا ئاسانكاری بۆ ئێوه دەوێت و نایەوێت (پەرستن و فەرزەكانتان) لەسەر قورس و گران بكات و بۆ ئەوەی ئەو ماوه دیاریكراوه تەواو بكەن." (١)
لەبارەی بەڕۆژووبونەوە، نەخۆشی سێ ئاستی هەیە: (٢)
1. ڕۆژوو زیانی نەبێت بۆ نەخۆشییەکە و کاریگەری لەسەر نەخۆشی دروستنەکات؛ لەم کاتەدا پێویستە کەسەکە بەڕۆژووبێت.
2. ڕۆژووەکە زیانی هەبێت بۆ نەخۆشەکە؛ بۆنمونە چاکبوونەوە دوابخات، یان نەخۆشییەکە خراپتر ببێت بەهۆی ڕۆژووەکەوە. لەم کاتەدا پێویستە کەسەکە بەرۆژوو نەبێت، واتە درووست نییە کەسەکە بەڕۆژووبێت.
3.  بەڕۆژووبوونەکە کەسەکە ناڕەحەت بکات (مەشەقەتی هەبێت)، بەڵام زیانی نییە بۆ نەخۆشییەکەی؛ لەم کاتەدا ئەگەر کەسەکە بەڕۆژووبێت، هەست بە ناڕەحەتی و بێتاقەتی بکات ، واتە ڕۆژووەکە دەبێت بارگرانی بۆی. ئەم جۆرە نەخۆشە دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت و بەڕۆژووبوون بە نارەحەتییەوە کەراهەتی هەیە، لەبەرئەوەی دەرچوونە لە ڕوخسەت! هەروەک پەیامبەر(درودی خوای لەسەر بێت)دەفەرموێت:  "إنَّ اللهَ يُحِبُّ أنْ تُؤْتَى رُخَصُهُ، كَمَا يَكْرَهُ أنْ تُؤْتَى مَعْصِيَتُهُ: خواى پەروەردگار پێیخۆشه ڕێپێدانەكانى وەربگیرێت، هەروەكو چۆن پێیناخۆشە تاوانى بەرامبەر بكرێت." (٣)
ئەم دابەشکارییە بۆ ئەو نەخۆشیانەی کە هیوای چاکبوونەوەیان هەیە، یان درێژخایەنن، وەکو یەکە، بەڵام جیاوازی هەیە لەوەی کە بیگرنەوە یان تەنها کەفارەتی بدەن.
کام نەخۆشی دەروونی دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت؟
جگە لە نەوخۆشیانەی کە لە پۆستی پێشوو باسمانکرد، توانای ژیریاین نییە و ڕۆژوویان لەسەر نییە، ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی بەڕۆژووبوون دەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆیان یان زیانی هەیە بۆیان، واتە دەچنە چوارچێوەی جۆری نەخۆشییەکانی ئاستی (٢ و ٣)، لێرەدا ئاماژەیەکی گشتییان پێدەکەین، ئەوانیش بریتین لە:
1. ئەو نەخۆشانەی کە دەبێت سێ ژەمە دەرمان بخۆن؛ واتە کاتی خواردنی دەرمانەکان واپێویست بکات کە ڕۆژانە سێ ژەمە دەرمان بەکاربهێنن، هەندێکجۆر دەرمان هەیە کە ماوەی کارکردنی کەمە و پزیشکەکە بڕیاریداوە کە سێ ژەمە بیخوات، هەندێک لەو دەرمانانە وەکو (کلۆزاپین، کیوتیاپین، دولۆکستین، ترازۆدۆن، تگریتۆڵ،ڤێنلافاکسین، ...) ئەم دەرمانانە دەتواندرێت یەکجار یان دووجار بەکاربهێندرێن، بەڵام سودەکەی جیاوازە و پزیشک و نەخۆشەکە لە ماوەی چارەسەریدا دەزانن کە چەندجار بەکاربێت سودبەخشە.
تێبینی: بەشێک لەو دەرمانانە، شێوازێک ئامادەکراون کە دەتواندرێت یەک دەنک بخورێت لە ٢٤ سەعاتدا (Extended or sustained release)، بەڵام لەوانەیە نەخۆشەکە ئەو جۆرە ئامادەکردنە بەکارنەهێنێت یان دەستنەکەوێت!
2. نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەکان؛ کە دەرمانی بەردەوام بەکاردەهێنن و ناتوانن بەبێ دەرمان دەروونیان ئارامبێت، وەکو شیزۆفرینیا، خەمۆکی درێژخایەن، واسواسی توندی درێژخایەن، ...
3. ئەوانەی تازە دەستنیشاندەکرێن؛ چارەسەری دەرمانیان بۆ نوسراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی دەرمانەکانەوە کەسەکە نیشانەی لاوەکی زیاتری هەیە، لەوانەیە توشی دەموشکبوون، دڵەڕاوکێی زیاتر، گێژووبوون، ... ببن و نەتوانن بەڕۆژووبن.
4.  توشبووان بە شڵەژانەکانی تایبەت بە خۆراک (Eating disorders)؛ بۆنمونە کەمخۆری دەماری لەوانەیە بەهۆی ڕۆژووەوە خراپتر ببێت (٤)، بەتایبەت لە تەمەنی نەوجەوانیدا، هەندێکجار لەوانەیە ڕۆژوو ببێتە هۆی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە دوای ڕەمەزان (٥).
5.  دەرزی دوو هەفتە یان مانگانە؛ هەندێک نەخۆشی درێژخایەن دەرزیان هەیە کە بە ماسولکە دەکرێت دووهەفتە یان مانگی جارێک، ئەو ڕۆژەی نەخۆشەکان دەرزی لەخۆیان دەدەن لەوانەیە گێژیان بکات و یان کێشەی تەشەنوجاتیان بۆ دروستبکات و لە سەرەتاوە بێتاقەت ببن، باشترە ئەو ڕۆژانە بەڕۆژوو نەبن.
6. ئەگەر لە کاتی پێویست دەرمانی ویست؛ هەندێکجار نەخۆشی دەروونی توند نییە، بەڵام کەسەکە نەوبەیەکی توندی بۆ دێت وەکو تۆقین یان فۆبیاکان، دەرمانی کاتی پێویستی هەیە، لەم کاتانەدا ئەگەر کاریکردە سەر ژیانی (نەیتوانی لە ترساندا بچێتە دەرەوە یان بۆ دەوام) و زۆر تووندبوو، دەتوانێت ڕۆژوو بشکێنێت.
7. ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانیان هەیە و نابێت وشکببونەوە؛ بەتایبەت دەرمانی لیسیۆم، هەرچەندە لە کوردستان زۆر بەکەمی ئەو ە دەرمانە بەکاردەهێندرێت.
8. ئەو نەخۆشییانەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان لە ڕەمەزاندا زۆرە؛ بەتایبەت نەخۆشی شیزۆفرینیا و دووجەمسەری (٦)، بۆنمونە نەخۆشی دووجەمسەری زۆر هەستیارە بە تێکچوونی سوڕی خەوتن، ڕەمەزانیش هۆکارێکە بۆ تێکچوونی خەوتن (٤)
9.  کاریگەری لاوەکی بەهێزی دەرمانەکان: ئەگەر دەرمانەکان کاریگەری لاوەکی بەهێزیان هەبوو بۆسەر نەخۆشەکە، بۆنمونە ئارەزووی خواردنی زیادکرد، یان دەموشکبوونێکی زۆری هەبوو، یاخود بەهۆیەوە بێهێز و ماندووبوو نەیتوانی کارەکانی ڕۆژانەی بکات.
تێبینی:
بڕیاری بەڕۆژوونەبوون دەبێت پزیشکی تایبەتمەندی نەخۆشەکە بیدات، نەک تەنها بە خوێندنەوەی ئەم پۆستە بڕیاربدرێت، ئەمە بۆ بەرچاوڕوونییە بۆ پسپۆڕان و نەخۆشانی دەروونی هەتا باشتر تێبگەن و بڕیارێکی دروست بدەن.

د.جەعفەر عومەر
پزیشکی پسۆڕی دەروونی

سەرچاوەکان:
١.البقرە، ئایەتی ١٨٥
٢."(الصیام في الإسلام) لە نوسینى: سَعِيد بن عَلي بن وَهْف القَحْطَانِي"
٣. کتێبی (إرواء الغليل)ی ئەلبانی فەرموودەی ژمارە (564)
٤.Furqan Z, Awaad R, Kurdyak P, Husain MI, Husain N, Zaheer J. Considerations for clinicians treating Muslim patients with psychiatric disorders during Ramadan. Lancet Psychiatry. 2019 Jul;6(7):556-557.
٥.Akgül S, Derman O, Kanbur NÖ. Fasting during Ramadan: a religious factor as a possible trigger or exacerbator for eating disorders in adolescents. Int J Eat Disord. 2014 Dec;47(8):905-10.
٦. Reinhard Heun. "A systematic review on the effect of Ramadan on mental health: minor effects and no harm in general, but increased risk of relapse in schizophrenia and bipolar disorder". GLOBAL PSYCHIATRY ARCHIVES, 1, 1, 2018, 7-16.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 4 هەفتە

    لە ڕۆژی جیهانیی تالاسیمیادا، ڕێژەی نەخۆشییەكە لە هەرێم ڕوو لە بەرزبوونەوەیە

  • 01/05/2025

    یاد نەقشبەندی: شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتان ئەگەری چاكبوونەوەی زۆرە

  • 07/03/2025

    تەندروستی جیهانی: ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەکییەكان ژیانی ملیۆنان نەخۆش دەخاتە مەترسیەوە

  • 02/03/2025

    کام نەخۆشیی دەروونی دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت

  • 22/02/2025

    جیهان.. قەیرانی ئۆكسجین ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسییەوە

  • 01/02/2025

    كۆشكی سپی: دەرچوونی "كۆڤید-19" لە تاقیگەیەكی وڵاتی چین ڕاستییەكی سەلمێنراوە

  • 21/12/2024

    بەكارهێنانی زیاد لەپێویستی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەبێتەهۆی پوكانەوەی مێشك و سڕكردنی

  • 23/11/2024

    پیشەسازیی داودەرمانی جیهان لە 10 ساڵی داهاتوودا بۆ دوو هێندە زیاد دەكات

سەرەتا