16/03/2025 344 جار خوێنراوەتەوە

چیرۆکی ناخهەژێنی خێزانێکی هەلەبجە کە دایک و باوکیان لە کیمیابارانەکەدا شەهیدبوون

پەیام - AA

هەڵەبجە پڕیەتی لە چیرۆکی نەبیستراوی تراژیدی کە مرۆڤ بە بیستنیان ناخی دەکوڵێت بۆ حاڵی گەلێکی ستەمدیدە کە بەدەست ڕژێمی لەناوچووی بەعس چیان چەشتووە.

ساڵانە لەگەڵ هەموو یادێکی هەڵەبجەی شەهیددا کە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کیمیابارانی کرد، چیرۆکی نوێ دەبیسترێت کە چۆن ژیان لە سەدان خێزانی شارەکە تێکدراوە.

شاری هەڵەبجە سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی جەنگی نەگریسی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی بۆردومان ببووەوە، لە کۆتا ساڵی جەنگەکەدا کیمیاباران کرا و دانیشتوانەکەی کۆمەڵکوژ کران.

بەهۆی ئەو نەهامەتی و بۆردومان و کیمیابارانەی بەسەریاندا هات، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی شارەکە شەهید بوون و ئەوانەشی ڕزگاریان بوو ئاوارە و دەربەدەربوون و، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی شارەکە بەهۆی ئاوارەبوونەوە بێسەروشوێن بوون.

گەشاو موراد محەمەد یوسف (٤٩ ساڵ)، کاتی کارەساتی کیمیابارانەکە تەمەنی تەنها ١٢ ساڵان بووە و، یەکێکە لە ڕزگاربووان، کە دوای شەهید بوونی دایک و باوکی ئەرکی چاودێری و بەخێوکردنی چوار برای لە خۆی بچووکتری بەسەردا کەوتووە.

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دیمانەیەکی لەگەڵ گەشاو خان ئەنجامدا، کە ژیانی پڕیەتی لە نەهامەتی و دەردەسەری، بەڵام خۆڕاگری و بوێرییەکەی داهاتوویەکی گەش و جوانی بۆ خۆیی و براکانی بەدیهێناوە.

لە سەرەتای دیمەناکەدا گەشاو خان سەردانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کرد، کە تیایدا دایک و باوکی و خوشکێکی و خانەوادەی مامی و کەسوکاری تێدا بەخاک سپێردراون.

لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکە گەشاو خان بە دەست ئاماژەی بە گۆڕی دایک و باوکی کرد و، ڕایگەیاند: "ئەمە گۆڕی بەکۆمەڵی باوکم و ماڵی مامەمن، ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە پێکهاتووە لە ١٣ نەفەر. دایکم و باکم و خوشکێکم، لەگەڵ مامێکم کە نۆ سەر خێزان بوون.
وەختی خۆی ئێران چۆن بەخاکی سپاردوون هەر لەوێ دەستکاریمان نەکردن، کاتێک لە ساڵی ١٩٩١دا گەڕاینەوە، باوەم (باپیر) نەیهێشت دەریان بهێنین و گوتی با هەر لێرەدابن (لە گۆڕەکانیاندا) حەزناکەم دەستکاریان بکەین".

گەشاو باسی لە ژیانی خێزانەکەیانی کرد کە پێش ئەو کارەساتەی بەسەر شاری هەڵەبجەدا هاتووە چەندە خێزانێکی بەختەوەر بوون و، ڕایگەیاند: "ئێمە پێش کیمیابارانەکە خێزانێکی زۆر بەختەوەر بووین، نۆ سەرخێزان بووین، لە ناو شاری هەڵەبجەدا دەژیاین، هەتا ١٦ی ئادار. ئەو ڕۆژەی کیمیابارانی هەڵەبجە کرا، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ بوو، هەتا ئێوارەی پێش ڕۆژی کیمیابارانەکە ئێمە لە ماڵی خۆماندا دەژیاین، دایکم و باکم و چوار برا و سێ خوشک بەیەکەوە دەژیاین".

سەبارەت بە ساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕزگاربوونی خۆی و چوار براکەی، گەشاو ڕایگەیاند: "بە حوکمی ئەوەی هەڵەبجە هەمیشە بۆردومان دەکرا، باوکم دوو ساڵ پێشتر ژێرزەمینێکی لە ماڵەکەی خۆماندا دروست کردبوو بۆ پاراستنی خۆمان. خانەوادەی ماڵی باپیرم زۆر بوون، براکانی باوکم (مامەکانم) هەموو نزیک خۆمان بوون، نزیکەی ٧٠ کەس لەو ژێرزەمینەدا بووین بە منداڵ و گەنج و پیرەوە".

گوتیشی: "باوکم وەک بڵێی شتێکی بیستبێت هەر زوو زوو دەهاتە دەرەوە لە ژێر زەمینەکە و دەیویست هەواڵی ناو شاری هەڵەبجە بزانێت. لەبەرئەوە باوکم زۆر نەدەهاتە ناومانەوە. هەر لە حەوشەکەدا دەهات و دەچوو. زوو زوو دەهاتە ژێرزەمینەکە و دەچووە سەرەوە. دایکیشم سەرقاڵی نان دروستکردن بوو بۆ ئەو کەسانەی لە ژێرزەمینەکەدا بوون. ئیتر من بەڕاستی دایکمم نەبینی. دواتر باوکم هاتەوە ژێر زەمینەکە و یەک یەک بانگی کردین، گوتی گەشاو ڕۆڵە کوان منداڵەکانی دیکە، منیش وامزانی بۆ نان خواردنە، یان دایکم ئیشی پێمانە، کە هاتینە سەرەوە، باوکم هەر لە گەڕەکی خۆماندا ئۆتۆمبێلێکی ڕاگرتبوو، من و چوار برام کە هەموویان لە من بچووکتر بوون یەکە یەکە خستە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، ئۆتۆمبێلەکە هی دراوسێیەکمان بوو کە تەنیا خۆی و خێزانەکەی بوون. لەبەرئەوەی ماڵی باپیرم قەرەباڵغ بوو باوکم ئێمەی لەگەڵ ئەو دراوسێیەمان نارد بۆ ئەوەی خۆشیان لەو ئۆتۆمبێلانەی دێن بەشوێنیاندا جێگەیان ببێتەوە. من و چوار براکەمی خستە ناو ئەو ئۆتۆمبێلەی دراوسێکەمانەوە و، من زۆر سەرمسوڕما کە دایکم نەهات لەگەڵمان و تەنها من و چوار براکەم بووین".
هەروەها گەشاو باسی لە دواین ساتی دیداری لەگەڵ باوکیدا کرد و، گوتی: "ئەو کاتەی باوکم ئێمەی خستە ناو ئۆتۆمبێلەکە، من پێش ئەوەی سەرکەوم دەستم گرت بە پشتێنەکەی باوکمەوە و گوتم باوکە کوا دایکم، گوتی ڕۆڵێ دایکیشت دێت، باوکم کە زانیبووی کیمیاباران کراوە، زۆر شڵەژابوو، گوتی ئێمەیش دێین بە دواتاندا. کاتێک وشیاری برامی خستە باوەشم ئیتر لەو کاتەدا هەستم بەوە کرد ئەمە ئامانەتێکە باوکم خستیە باوەشم، باوکم ئەوەشی گوت گەشاو ئاگات لە منداڵەکان بێت، ڕۆڵە ئێوە بڕۆن، ئێمەیش دێین بە دواتاندا، ئەو کاتە تەمەنم تەنیا ١٢ ساڵ بوو، منداڵبووم".
لە درێژەی گێڕانەوەی ساتی کیمیابارنی هەڵەبجە و چونیەتی ڕزگاربوونیان، گەشاو ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی چووینە ناو ئۆتۆمبێلەکە، هەتا لە گەڕەکەکەی خۆمان دەرچووین هەر ئاوڕمدەدایەوە بۆ دواوە و دەمگوت ئێستا دایکم و باوکم لە ئۆتۆمبێلەکەی دواوەی خۆمانن، هەتا هاتینە عەنەب (گوندێکە لە نزیک هەڵەبجە)، ئیتر من باوکمم نەبینیەوە. کە هاتینە عەنەب لەوێ من زانیم هەڵەبجە کیمیاباران کراوە. کاتێک بە ڕێگادا تێدەپەڕین بەرەو عەنەب لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە چەندین کەسم بینی لە قەراغ شەقامەکە ڕایاندەکرد. لەبەرئەوە ترسام دەمگوت تۆ بڵێی دایکم و باکم بێن".
گەشاو کاتێک لە ڕێگادا پاسدارێکی ئێرانیان بینیوە کە قیناعی بەستووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لە کیمیاباران، ئینجا زانیویانە کیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجەدا کراوە، لەو بارەیەوە گوتی: "لە عەنەب پاسدارێکم بینی ئەو کاتە سوپای ئێرانی لێبوو من نەمدەزانی پاسدارە یان چییە، بەڵام ئەوەندەم بینی قیناع (دەمامک)ی بەستبوو، لەگەڵ شۆفێرەکەمان (کاک سەڵاح) قسەی کرد، خێرا کاک سەڵاح پێیگوتین دەم و لووتان دابپۆشن، ئەو کاتە دەیگوت دەرمانە وەشاوە (ڕێژراوە)، تەنانەت دەیگوت بۆنی غاز دێت، نازانم غازتان پێ نییە، غاز لە ئۆتۆمبێلەکەدا نییە، ئێوە هەست ناکەن بۆنی غاز دێت، کەمێکی دیکە ڕۆیشتین هێشتا لە عەنەب تێنەپەڕیبووین، بۆنی سێومان کرد، ئیتر شۆفێرەکەمان پێی گوتین دەم و لووتتان بگرن و ئاگاتان لەخۆتان بێت، من وشیار لە باوەشم بوو، بە پەڕۆیەک کە باوکم پێیدام خستمە سەر دەم و لووتی، هۆشمەند بە کۆڵمەوە بوو، ئەو کاتە تەمەنی چوار ساڵ دەبوو، دەستێکم بە دەم و لووتی هۆشمەندەوە بوو، دەستێکیشم بە دەم و لووتی وشیارەوە بوو، هەتا ڕۆیشتین نەوەستاین هەتا گوندی بەڵخە، ئەو شەوەی لە گوندەکە بووین، نزیکەی سێ کاتژمێر لەوێ ماینەوە، دەمەو بەیانی شۆفێرەکەمان ئێمەی بەڕێکرد بۆ وڵاتی ئێران".
گەشاو و براکانی دوای ئەوەی پەڕیونەتەوە سنووری ئێران، لە نەبوونی دایک و باوکیدا زۆر بە وریایی چاودێری براکانی کردووە و، بە زەحمەتێکی زۆر گەیاندوونیەتە شوێنێکی ئارام، لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "کاتێک گەیشتینە وڵاتی ئێران، لە شاری پاوە من هەر ئەو قسەیەی باوکم پێیگوتم گەشاو ئاگات لێیان بێت هەتا ئێمە پێتان دەگەین، هەتا دوو مانگ لەوێ لە ئۆردوگا بووین".
وەک هەموو کەسێکی ناو ئەو ئۆردوگایە کە ڕۆژانە چوونەتە ناو شاری پاوە بۆ بینینەوەی کەسوکاریان، گەشاو و برا بچووکەکەی کردووەتە کۆڵی چووە بۆ چاوەڕوانی هاتنی دایک و باوکی، وەک خۆی دەڵێت: "ڕۆژانە دەهاتین و چاوەڕێ دایک و باکمم دەکرد. خاڵۆژنێکی باوکم بەتەمەن بوو، هەموو بەیانیەک وشیاری بە کۆڵمەوە دەبەست، دەهاتینە ناو شاری پاوە و، چاوەڕێم دەکرد. هەتا دوای ٢٠ ڕۆژ، ئینجا هەواڵی دایک و باوکمم بیست، خزمێکی خۆمان هات و گوتی ئەوان کۆچی دواییان کردووە و شەهید بوون لە هەڵەبجە جێماون، بەتەمای ئەوان مەبن. ئەو کاتە ئیتر دڵنیابووم".

ئەوەی کەمێک سەبووری دڵی گەشاو داوەتەوە، شادبوونەوەی بووە بە خوشکەکەی کە تەنها دوو ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە، لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "من نەمدەزانی خوشکەکەی دیکەم کە ئەویش لە دایکم و باوکم دابڕاوە لە ژیاندا ماوە. ئەویش لەگەڵ ماڵی مامم هاتبوو، وامدەزانی ئەویش لەگەڵ ئەواندا شەهید بووە. هەتا دوو مانگ لە ئۆردوگای سەریاس لەوێ مامەوە، لە ناو خێمە و ئاوارەییدا، دۆخێکی زۆر ناخۆش و غەریبی، من لە خێمەیەکدا دەژیام لەگەڵ ئەو چوار برایەم، هەتا دوای دوو مانگ لەگەڵ خوشکەکەم یەکترمان بینیەوە، ئەو خوشکەم دوو ساڵ لە من گەورەتر بوو، ئەویش هەر هیوایەکی دیکە بوو بۆ من، هەتا ساڵی ١٩٩١ لەوێ لە ئۆردوگای ئێران بەیەکەوە ژیاین".

پاش ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، گەشاو لەگەڵ خوشک و براکانیدا گەڕاونەتەوە بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید و، لەوێ سەختی ژیان بەرۆکی گرتوون، کە لە نەبوونی دایک و باوک و گرانیی گوزەراندا ژیانیان بردووەتەسەر. لەو بارەیەوە گەشاو ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە، خوشکەکەم کە لە من گەورەتر بوو، ئیزنی لێوەرگرتم و هاوسەرگیریی کرد، دوای ئەوە من ئەو هێز و توانایەم هەبوو کە باوکم چۆن ئەم برایانەمی بە ئامانەت خستە باوەشم، هەستم بەوە کرد کە دەبێت ئەو ئامانەتەی باوکم کە هەتا ئێستا هێناومە خودا نەیبڕێ پێگەیشتوون، هەر ئەو قسەیەی باوکم لە دڵمدا بوو ئەو هێزەی پێبەخشیم، دەبێت ئەم منداڵانە داهاتوویەکیان هەبێت".

گوتیشی: "ساڵی ١٩٩١ کە گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە، هەڵەبجەیەکی وێران کراو نە خانوومان هەبوو، نە دۆخی ئەو کاتەی نەوەدەکان کە گرانیی بوو، زۆر سەخت بوو بەلامەوە بەڕاستیی، ئەو کاتە براکانم چوونەوە بەر خوێندن و من کاتی کیمیابارانەکە ١٦ی ئادار لە پۆلی شەشی بنەڕەتی بووم، بەڵام بەبۆنەی ئەوانەوە (براکانم) نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندن و تەواوی بکەم. ئەو خەونەم لە خۆمدا هێشتەوە و دام بە براکانم. بەو هیوایەی داهاتوویەکیان هەبێت. زۆر سەخت بوو بەلامەوە ڕۆژانە کەسێک نەبوو خەرجیمان دابین بکات، گرانیی بوو، خزم و کەسوکار هەر فریای خۆیان دەکەوتن، منیش لەگەڵ ژنانی گەڕەک دەچووم بۆ ئیشی دەشت و دەر، بە شەویشدا کڵاشم دەچنی".

گەشاو کە ژیان و خەونی خوێندنی خۆی کردە قوربانی داهاتووی براکانی، بە نەهامەتی و نەبوونی هەموو تونایەکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی براکانی خوێندن تەواو بکەن و داهاتوویەکی گەشیان هەبێت، باسی لە سەختی ژیانیانی لە ساڵی نەوەدەکان کرد و، ڕایگەیاند: "ئەو ساڵانە پێداویستی قوتابخانە ئەوەندە گرانبوو و ئینجا نەبوونی بوو، کاتێک قەڵەمێکی دارم بۆ براکانم دەکڕی، دەمکرد بە دوو کەرتەوە، بە قەڵەم دادەر دامنەدەدا، دەمگوت نەوەک نووکەکەی بشکێت، بەڵکو بە چەقۆ دامدەدا، بە شەودا دەمخستە ناو ئەو خێمەیەی لە بری چانتا بە دەست بۆم دووریبوون، هەتا ٢٠٠٥، ئەو کاتەی براکانم چوونە زانکۆ، زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم کە نەمهێشتووە لە هاوڕێکانیان دوابکەون، هەردەم پۆشتەوپەرداخ بوون، سوپاس بۆ خودا هەم شوێنی دایک هەمیش شوێنی باوکم بۆ گرتنەوە".

گەشاو شوێنی دایک و باوکیشی بۆ براکانی گرتبووە و فیداکارانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی براکانی بتوانن خوێندن تەواو بکەن، وەک خۆی دەلێت: "دایک نازی جیاوازە بەڵام من نەمهێشتووە کە بێنازی دایک یان باوکیان پێوە دیار بێت. بەڕاستی ئەو کاتەی ئەوان چوونە زانکۆ خۆشحاڵی من لەوەدا بوو کە دوانەکەوتن ئەم برایانەم".

دوای ئەوەی براکانی گەشاو بە سەرکەوتووی و تەواوی قۆناغەکانی خوێندیان بڕی و هەموویان بوونە خاوەنی بڕوانامەی باڵا، دەرفەتی خوێندن بۆ خۆیشی ڕەخسا کە براکانی بوونەتەوە بە پشتیوانی بۆ ئەوەی بە ئاواتەکەی کە لە منداڵیدا هەیبوو، تەواوی بکات.
لەو بارەیەوە گەشاو خۆی دەڵێت: ساڵی ٢٠١٠ - ٢٠١١ ئەو کاتەی برا بچووکەکەم کە لە هەموومان بچووکتر بوو (وشیار) زانکۆی تەواو کرد، هاتەوە ماڵ گوتی گەشاو ئیتر سەرەی تۆیە بخوێنیت، ئێمە هەر چوار براکە دەتوانین پشتیوانت بین، هەتا ئێستا تۆ بووی بە دایک، بووی بە باوک بۆمان، ئەرکێکی ئێمەت لەسەر شان بووە، ئیتر دەبێت تۆش ئەو خەونەت بهێنیتە دی کە لەبەر ئێمە تۆ لە قوتابخانە دابڕاوی ئێمەش هەرهەموومان دەبێت یارمەتی تۆ بدەین. ئیتر ئەو کاتە زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە سوپاس بۆ خودا براکانم خوێندنیان تەواو کردبوو، مامۆستا حەسەن ئێستا ماستەری هەیە و مامۆستایە لە پەیمانگا، دکتۆر حوسێن بۆردی هەیە لە نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، مامۆستا هۆشمەند ماستەری هەیە مامۆستای پەیمانگایە و گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاییە، دکتۆر وشیار ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەخوێنێت، ئەمانە هەمووی جێگەی خۆشحاڵی منن''.

گەشاو کە لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا قوتابی قۆناغی شەشی بنەڕەتی بووە، پاش سالانێکی زۆر لە دابڕانی لە خوێندن لە ساڵی ٢٠١٠-٢٠١١ چووەتەوە بەر خوێندن و توانیوێتی گشت قۆناغەکان بە سەرکەوتوویی ببڕێت و ببێنە خاوەنی بڕوانامەی خۆی. هەر لەو بارەیەوە گەشاو ڕایگەیاند: '' لە ٢٠١٠ - ٢٠١١ کە چوومەوە بەر خوێندن، ئەو کاتەی کیمیابارانەیەکی هەڵەبجە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ من لە شەشی بنەڕەتی بووم و تەواوم نەکرد، کە چوومەوە بەر خوێندن لە شەشەی بنەڕەتیەوە دەستم پێکردەوە و، دوای تەواو کردنی قۆناغی بنەڕەتی خێرا قۆناغی ناوەندیشم بڕی، دوای ئەوەی مامۆستا هۆشمەندی برام هاتەوە ماڵ گوتی گەشاو بڕیارە کۆمپیوتەری ناحکومی لە هەڵەبجە بکرێتەوە، ئەگەر دەتوانی و حەزت لێیە لەوێ بخوێنیت ، زۆر حەزم لێیبوو خۆشحاڵ بووم بەو قسەیەی مامۆستا هۆشمەند، کە چوومە ئەوێ و فۆڕمم پڕکردەوە، وەرگیرام''.

ئەوەی زیاد لە خوێندنەکەی گەشاوی خۆشحاڵ کردووە، گەیاندنی براکانی بووە بە کەناری ئارامی و تەواو کردنی خوێندبووە پێیان هەتا ئەوەی داهاتووی گەشیان بۆ خۆیان بەدیهێناوە، هەروەها لەوەش خۆشتر بۆی براکەی کە خۆی بەخێوی کردووە مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگایە بووە کە گەشاو خۆی تیایدا خوێندکار بووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: ''لە ٢٠١٤ - ٢٠١٥ چوومە پەیمانگای کۆمپیوتەری هەڵەبجە و ئەو ساڵەی لەوێ بووم مامۆستا هۆشمەند هەم مامۆستام بوو، هەمیش دوو ساڵ لەوێ بەڕێوەبەرم بوو. ئەو کاتەی براکەمم دەبینی دەهات وانەی دەگوتەوە بە خۆمم دەگوت ئەو زەحمەتەی من کێشاومە ئێستا بەرەکەی دەخۆم. کە برایەک ئەو کاتەی چوار ساڵ بوو بە باوەشمەوە بوو بە زەحمەت بەخێوم کرد، ئێستا ئەو وانەم پێدەڵێتەوە و هەم بەڕێوەبەرمە''.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئەگەر نوێژى هەینى و جەژن کەوتە یەک ڕۆژ چى بکەین؟

  • پێش 1 هەفتە

    سەیدسادق.. لەبەر پەڕەسێلكە خاوەن دووکانێک دەستبەردارى نۆژەنکردنەوەى دووکانەکەى دەبێت

  • پێش 2 هەفتە

    كاسبكارێك لەپێناو دروستى مامەڵەکەى ورد و درشتی فرۆشراوی دووكانەكەی تۆمارکردووە

  • پێش 2 هەفتە

    یابان.. گەنجێك بەهۆی زۆر شۆڕكردنەوەی سەرى بەسەر مۆبایلدا توانای سەربەرزكردنەوەی لەدەستدا

  • 19/04/2025

    بۆ یەكەمجار لە وڵاتی چین ماراسۆنێك لە نێوان مرۆڤ و ڕۆبۆتدا ڕێكخرا

  • 04/04/2025

    قورئانەكەی گڵەزەردە مێژووی نووسینەوەی بۆ چوار سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

  • 31/03/2025

    سێ ئیسپانی بە سواری ئەسپ ماوەى 5 مانگە بەمەستى ئەنجامدانی حەج بەڕێکەوتوون

  • 21/03/2025

    لە هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان گرنگی زۆر بە خورما و جۆرەكانی دەدەن

سەرەتا