2 کاتژمێر پێش ئێستا
344 جار خوێنراوەتەوە
دواى کاردانەوەکان، ترەمپ ئەو ڤیدیۆیەى سڕییەوە کە ئۆباما وەك مەیموون نیشان دەدات
پەیام
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوەی توند، ترەمپ ڤیدیۆیەكی ڕەگەزپەرستانەی لە هەژمارەكەی سڕییەوە كە باراك ئۆباما و هاوسەرەكەی وەك مەیموون نیشان دەدا.
سەرۆكی ئەمریكا، ڤیدیۆیەكی "ڕەگەزپەرستانە"ی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" سڕییەوە كە تێیدا سووكایەتی بە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و میشێلی هاوسەری كرابوو و تێدا لە شێوەی دوو مەیمووندا لەناو جەنگەڵێكدا نیشان دەدران.
ماڵپەڕی "ئەكسیۆس" لە زاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردەوە، كە تەنانەت ئەندامانی پارتی كۆماریش داوایان لە ترەمپ كردووە دەستبەجێ ڤیدیۆكە لا بدات.
لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسانی كۆشكی سپی ڕایانگەیاندووە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە "بە هەڵە" لەلایەن یەكێك لە كارمەندەكانەوە بووە، بەڵام ترەمپ خۆیشی لە لێدوانێكدا وتی: "تەواوی ڤیدیۆكەم نەبینیبوو، دام بە یەكێك لە كارمەندەكان بۆ ئەوەی بڵاوی بكاتەوە، تیمەكەشمان پێش بڵاوكردنەوەی بە تەواوی سەیریان نەكردبوو.
لە كاردانەوەی ڤیدیۆكەدا، نووسینگەی حاكمی كالیفۆرنیا كارەكەی بە "قێزەون" وەسفكرد. هاوكات تیم سكۆت، سیناتۆری دیاری كۆمارییەكانیش ڕەخنەی توندی گرت و وتی ئەمە "ڕەگەزپەرستانەترین كارە" كە تا ئێستا لە كۆشكی سپییەوە بینرا بێت.
بەڵام كارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی، بەرگری لە ڤیدیۆكە كرد و وتی ئەوە تەنها "ساتیر و تەنزێكە" و تێیدا ترەمپ وەك شێری پاشا و دیموكراتەكانیش وەك كارەكتەرەكانی دیكەی فیلمەكە نیشان دراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە