10 کاتژمێر پێش ئێستا 243 جار خوێنراوەتەوە

یه‌كێك له‌ فشاره‌كانی ئێران داخستنی گه‌رووی هورمزه‌؛ گه‌ر گه‌رووه‌كه‌ دابخرێت چی ڕوو ده‌دات و ئه‌و وڵاته‌ چۆن ده‌توانێت گه‌رووه‌كه‌ دابخات

په‌یام


لەگەڵ سەرهەڵدان و دروستبوونی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل کە قۆناغێکی دیکەی نوێی ململانێی هێناوەتە ئاراوە، جارێکی دیکە گەرووی هورمز بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژەڤ و ترسی لەلای وڵاتانی هەناردەکار و هاوردەکار دروستکردووە و مەترسی هەڵاوسانی ئابووری و تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتان هەیە لە ئەگەری داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە.

داخستنی گەرووی ھورمز، کۆمەڵێک لێکەوتەی سیاسیی و ئابووریی لێدەکەوێتەوە و سەردەکێشێت بۆ دەستوەردانی سەربازیی لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) یان واژوو کردووە چونکە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە دەرەنجامی سێیەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٢ هاتووەتە ئاراوە. ماف و بەرپرسیارییەتی وڵاتان دیارییکراوە و تا ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەیوەست بوون بەو ڕێککەوتننامەیە گەیشتە ١٧٦ وڵات و بەپێی ماددەی ٣٨ لە ڕێککەوتنە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبوونیان بەم گەرووەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
ئەگەرچی لە ڕووی توانای سەربازی و جوگرافییەوە، ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات، بەڵام گەرووەکە نێودەوڵەتییە و دەبێتە ھۆی بەزربوونەوەی نرخ و زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار بە تایبەت چین و ژاپۆن هەر بۆیە بە داخستنی گەرووی هورمز هەوڵە دیپلۆماسییەکان تا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەو وڵاتانە دروست دەبێت کە پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن بە تایبەتی سعوودیە و ئیماڕات و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

ئێران بە چ میکانزمێک دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات
ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، بێگومان لە دوو شوێنەوە دەتوانێت گەورووەکە دابخات، ئەوانیش هەریەک لە دوورگەی لاراک و دوورگەی هێنگام لە پارێزگای هورمزگان کە تەسکترین شوێنی گەرووی هورمزە لە سنووری ئێران.

دوورگەی لاراک دەکەوێتە پارێزگای هورمزگان و ٤٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەمیانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق- ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨، ببووە شوێنێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و مووشەکیی و لە ساڵی ٢٠١٥شدا لەم شوێنەوە ئێران مانۆڕێکی بەناوی "مانۆڕی دەریایی پێغەمبەری گەورە" ئەنجامدا، دوورگەکە دەڕوانێتە ڕێگا سەرەکییەکانی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز، هەروەها دوورگەی هێنگام لە دوورگەی لاراک بچووکترە و ڕووبەرەکەی ٣٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک یان بەکارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی مووشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

قۆناغی نوێی گرژییەکان لە گەرووی هورمز
لە ماوەی ڕابردوودا، ئێران چەند جارێک ھەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە لە بەرامبەر گەمارۆ ئابووریی و هەڕەشە سەربازییەکان، چەند جارێک دەستبەسەرداگرتنی کەشتی بەشێوەیەکی کاتی ڕوویداوە، هاوکات هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا هێزەکانییان لە چەند شوێنێکی گەرووی هورمز جێگیرکردووە و چاودێری ناوچەکە دەکەن.
هێزێکی یەکگرتووی سێنتێل (Task Force Sentinel) کە بەشێکە لە بونیادنانی ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی ٢٠١٩ (IMSC) و بەرپرسیارە لە پاراستنی گەرووی ھورمز و ڕێڕەوی دەریایی. ئەم هێزە لە ھاوپەیمانییەک پێکدێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و ١١ وڵات لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە کە ئامانجی ھاوپەیمانییەکە بریتییە لە دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتیوانی و بازرگانی و لەم چوارچێوەیەشدا هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و ناوچەی کەنداو، هەروەها هێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنساش لە دوبەی و شاریقە جێگیرکراون.

ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە گەرووی هورمز
لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چەندین ڕێککەوتنی نێوان وڵاتان واژووکراوە بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەشێوەیەکی ئاشتیانە کە گرینگترینیان، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا ١٩٧٣ - ١٩٨٢ (UNCLOS) کە ڕێککەوتنێکی فرە لایەنە و ڕێگا بە کەشتی و فڕۆکەکان دەدات پێیدا تێپەڕببن و ڕێککەوتنێکی کراوەیە و ئەمریکا ساڵی ١٩٩٤ هاتووەتە ناو ڕێککەوتنەکە.
هەروەها پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان ئێران و عومان ساڵی ١٩٧١ کە دانپێدانانی هاوکاریی هاوبەش و هەماهەنگی بوو بۆ بەکارهێنانی گەرووی هورمز بە ئاشتییانە. هاوکات ڕێککەوتننامەی سنووری دەریایی عومان و ئێران لە ساڵی ١٩٧٤ کە تێیدا عومان ڕێگا بە کەشتییە دەریاییە بیانییەکان دەدات بە سنووری عومان دا تێپەڕن لە هەر بارودۆخێکدابن.
هەروەها ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو کە لە ساڵی ١٩٨١ دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە ڕیازی سعوودیایە و پێکدێن لە کوێت، بەحرەین، عومان، قەتەر، سعوودیە، ئیماڕات، ئەم ئەنجوومەنە هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وزە دەکەن.
جگە لەوەی زۆرجار ئێران بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە بەڵام بەردەوام پێداگریی ئەوەی هەبووە و بە پێویستی زانیووە کە مۆڵەتی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەوەی کەشتییە جەنگییە بیانییەکان بە سنووریی ئاویی ئەودا تێپەڕن و وڵاتانیش ئەمەیان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) زانیووە.

داخستنی گەرووی هورمز و کاریگەریی لە ڕووی ئابوورییەوە
گەرووی هورمز هێڵی تڕانزێتی نەوتی جیهانە و هەناردەکارانی بریتیین لە سعوودیە، عێراق، کوەیت و ئیماڕات، هەروەها هاوردەکارانیشی بریتیین لە چین، ژاپۆن، هیندستان، کۆریای باشوور و ئەورووپا کە جگە لە نەوت، ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلە کە قەتەر بۆ جیهان هەناردەی دەکات و بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکان، قەبارەی بازرگانیی ساڵانە لە گەرووی هورمز بریتییە لە ٦٨٥ ملیار دۆلار، بۆیە هەر هەڕەشەیەک یان داخستنی گەرووەکە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

عێراق کە وەک تاکە سەرچاوە پشتی بە نەوت بەستووە، بە داخستنی گەرووی هورمز تووشی گرفتی ھەناردەکردن دەبێت و لەم حاڵەتەدا تاکە دەرچەی ھەناردەی نەوتی عێراق بریتیی دەبێت لە بۆڕی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا چونکە گواستنەوە و ھەناردەی نەوت لە بەندەری بەسڕە (باشووری ڕۆژهەڵاتی عێڕاق) ڕادەوەستێت و بە ناچارییەوە دەبێت نەوتی عێراق لە ڕێگای ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە بکرێت بەڵام ئەمەش کۆمەڵێک گرفتی دیکەی بۆ ڕێڕەوی بۆڕییەکان هەیە بەھۆی ئەوەی بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە کەرکووکەوە دەستپێدەکات تا پێشخابوور و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیھان درێژ دەبێتەوە.

کاردانەوەکان چی دەبێت
بە داخستنی گەرووی ھورمز لە یەکەم ھەنگاودا بازاڕەکانی بۆڕسە لە وڵاتان ڕووبەڕووی ناجێگیریی دەبنەوە و ھەڵاوسان ڕوودەدات و ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخ و، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرێنەوە ھەنگاو بنێن بە مەبەستی کردنەوەی ڕێڕەوەکە و بە ئەگەری زۆرەوە ھێز و ھێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی مین ئەنجام دەدەن، ئەگەر پڕۆسەکە کەوتە حاڵەتێکی درێژخایەن، ئەوا بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا، وڵاتانی کەنداو ھەوڵە دیپلۆماسییەکان و دواتریش سەربازییەکانییان چڕدەکەنەوە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ سەرھەڵدانی گرژی و شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل لە بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیران و تا ئێستاش شەڕ و بۆردوومانەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە و، وەک میدیاکان باسی لێوە دەکەن، ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھورمز دەکات کە لە ڕووی جوگرافییەوە ھەریەک لە بەندەرعەباس، بەندەری جاسک و میناب لە پارێزگای ھورمزگانی ئێران دەکەونە گەرووی ھورمزەوە بەڵام ئەمە ڕێگایەکی دەریایی ھاوبەشە و بووەتە شوێنێکی ستراتیژیی کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەڕێوەدەبردرێت.

گەرووی ھورمز ڕێڕەوێکی ئاوییە کەوتووەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و یەکێک لە گرنگترین وێستگەی تڕانزێتەکانی نەوتە لە جیھاندا و بەشێکی زۆر لە نەوتی جیھان بە گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت.
درێژی گەرووەکە ٩٦ کیلۆ مەترە و سەدا ٢٠ی نەوتی جیھان بەم شوێنەدا تێپەڕ دەبن و بە گشتی ڕۆژانە نزیکەی ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت.

 

هێمن حوسێن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    ژیان لە غەززە، ئاوایە

  • 10 کاتژمێر پێش ئێستا

    یه‌كێك له‌ فشاره‌كانی ئێران داخستنی گه‌رووی هورمزه‌؛ گه‌ر گه‌رووه‌كه‌ دابخرێت چی ڕوو ده‌دات و ئه‌و وڵاته‌ چۆن ده‌توانێت گه‌رووه‌كه‌ دابخات

  • 10 کاتژمێر پێش ئێستا

    عەلی خامنەیی: ھەرگیز سازش ناکەین

  • 10 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئه‌مریكا له‌ دوو بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا كشایه‌وه‌ و هه‌سه‌ده‌ش نیگه‌رانه‌

  • 11 کاتژمێر پێش ئێستا

    بۆردومانی تاران ده‌كرێت و داوای چۆڵكردنی ناوچه‌یه‌ك ده‌كرێت

  • 13 کاتژمێر پێش ئێستا

    شه‌وی ڕابردوو ئێران 25 مووشه‌كی ئاڕاسته‌كرد

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران: نابێت وڵاتانی جی7 لایه‌نداربن

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    "نیوه‌ی سه‌كۆ موشه‌كییه‌كانی ئێران له‌ناوبراون"

سەرەتا