2 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
عهراقچی: ههماههنگیمان لهگهڵ ڕووسیا له بهرزترین ئاستدایه
پهیام
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سان پترسبۆرگ جەخت لە پتەویی هاوبەشیی ستراتیژیی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیا دەکاتەوە و ڤلادیمێر پوتینیش ڕایدەگەیەنێت، مۆسکۆ هەموو هەوڵێکی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەخاتە گەڕ.
عەباس عهراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بهوه کرد، لە کاتێکدا ناوچەکە بە گۆڕانکاریی گەورە و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا لە بەرزترین ئاستدایە. ناوبراو وێڕای دەستخۆشی لە مۆسکۆ بۆ پشتگیریکردنی ڕێگەی دیپلۆماسی، ڕایگەیاند پەرەسەندنەکانی دوایی بە قووڵی "پتەویی هاوبەشیی ستراتیژیی" نێوان هەردوو وڵاتی نیشان داوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عهراقچی لە شاری سان پترسبۆرگ دووپاتی کردەوە وڵاتەکەی هەموو توانایەکی بەکاردەهێنێت بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زووترین کاتدا. پوتین ئامادەیی مۆسکۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەر هەنگاوێک کە هاوسەنگییەک لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێران و ناوچەکەدا بێتە ئاراوە.
هاوکات سێرگی لافرۆف، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان پوتین و عهراقچی بە "سوودبەخش" وەسف کرد. لافرۆف ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر ململانێکان ڕوونە و پێویستە سەرجەم کارە شەڕەنگێزییەکان ڕابگیرێن و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەستپێبکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە