5 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا وەك یەكەم وڵات بە فەرمی دانی نا بە حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان
پەیام
ئەفغانستان دانپێدانانی ڕووسیای وەك یەكەم وڵات بە حكومەتەكەیدا ڕاگەیاند و بە بڕیارێكی ئازایانە ناوی برد.
حكومەتی نوێی ئەفغانستان كە لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە وەك میرنشین پێكهێنراوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ڕووسیا وەك یەكەم وڵات بە فەرمی دانی بە دەسەڵاتەكەیدا لە ئەفغانستاندا ناوە.
راگەیێندراوەكە دوای كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و دیمیتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان هاتووە و وەزیری دەرەوەی ئەفغانستانیش لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كۆبوونەوەكەدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوكراوەتەوە، گوتی: "ئەم بڕیارە ئازایانەیە دەبێتە نموونە بۆ ئەوانی دیكە، ئێستا كە پرۆسەی دانپێدانان دەستیپێكردووە، رووسیا لەپێش هەمووانەوە بوو."
لای خۆیەوە، زیا ئەحمەد تەكال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە: "رووسیا یەكەم وڵاتە كە بە فەرمی دانی بە ئیمارەتی ئیسلامیدا ناوە."
هاوكات زەمیر كابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی مۆسكۆ بۆ كاروباری ئەفغانستان رایگەیاند، حكومەتەكەی "دانی بە حكومەتی تاڵیباندا ناوە. و وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هەواڵەكەی بۆ ئاژانسی هەواڵی تاس پشتڕاست كردەوە.
ئەمە و تا ئێستا چەندین وڵاتی دیكە وەك چین و پاكستان، باڵیۆزی تاڵیبانیان لە پایتەختەكانیاندا هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمی دانیان بە دەسەڵاتی میرنشینی ئیسلامیدا نەناوە كە تاڵیبان ڕایگەیاندووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە