19 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
ڕاوێژكاری خامنەیی: هیچ پێشنیازێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لەئارادا نییە
پەیام
عەلی لاریجانی ڕاوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: لەئێستادا هیچ پێشنازێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لەئارادا نییە.
لاریجانی لە لێدوانێكدا كە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، ڕایگەیاند: دانوستان لەم قۆناغەدا پیشنیازكراو نییە، چونكە لایەنی بەرانبەر لەگەڵ ئێران چووەتە شەڕەوە و دەبێت سەرەتا ڕوونكردنەوەمان بۆ بدات.
عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوەش داوە "دانوستانەكان تەنیا تاكتیكێكن و نابێت پەلە بكەین لە پەنابردن بۆی". داواشی كرد "بڕیاری گەڕانەوە بۆ دانوستان بۆ سەركردایەتی باڵا بۆ دیاریكردنی كات و شوێنی گونجاو بۆ بەكارهێنانی ئەو تاكتیكە، جێبهێڵرێت".
ئەم لێدوانەی ڕاوێژكاری باڵای خامنەیی لە كاتێكدا دێت كە ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی دیپلۆماتكاری فەڕەنسی بڵاوی كردەوە: وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ دیپلۆماتكاری باڵای یەكێتیی ئەورووپا، یەكەمین پەیوەندی بەكۆمەڵی خۆیان دوای هێرشەكانی سەر ئەو وڵاتە، لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام داوە و داوایان لە ئێران كردووە دەستبەجێ هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی دەستپێبكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە