1 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت: لە گرژییەوە بۆ هێورکردنەوە؛ تەلئەبیب زمانی بەرانبەر تورکیا گۆڕیــوە
پەیام
دوای هەفتەیەک لە پەرەسەندنی گرژییەکان، ئیسرائیل زمانی هەڕەشەکانی بەرانبەر تورکیا گۆڕی و ڕایگەیاند پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەنقەرە لە بەرژەوەندیی تەلئەبیبدا نییە و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دوور کەوتنەوە لە پێکدادانی سەربازی لەگەڵ تورکیادا دەدەن.
لە بنەڕەتدا ئەم کێشە دیپلۆماسی و سەربازییە بۆ ١٨ی ئابی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبووزوھوور لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا. تەلئەبیب لەو کاتەدا ڕایگەیاند مەبەستیان ڕێگریکردن بووە لە گۆڕینی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ئەمەش دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتبوو کە تورکیا بەنیازی فراوانکردنی هەژموونی سەربازیی خۆیەتی لەو فڕۆکەخانەیەدا. لەو دەمەدا بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان دەکردەوە کە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لەو ناوچەیە "هێڵی سوورە" و قبووڵیان نییە.
لەبەرانبەردا، سوریا پاساوەکانی ئیسرائیلی ڕەت کردەوە و هەروەها واشنتۆنیش وەک ناوبژیوانێکی خێرا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتە سەر هێڵ.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بۆردومانەکەی ئیسرائیل ئەنجامی "خراپ تێگەیشتن یان نەبوونی هەماهەنگی" بووە لەنێوان لایەنەکاندا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد هەر جۆرە پێکدادانێک لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکات و هێرشەکەش هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
پاش ئەم فشارە دیپلۆماسییانە، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە وتاری سیاسیی ئیسرائیلدا دەرکەوت و. گیدعۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند وڵاتەکەی هیچ بەرژەوەندییەکی لە پەرەپێدانی گرژییەکان لەگەڵ تورکیادا نییە. ساعار دانی بەوەدا نا کە تورکیا ساڵانێکی زۆرە لە باکووری سووریا ئامادەیی هەیە و ئەولەویەتی تەلئەبیب پاراستنی جێگیریی ئەمنییە. هاوکات باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆنیش دووپاتی کردەوە ئەوان بەدوای شەڕ لەگەڵ ئەنقەرە یان دیمەشقدا ناگەڕێن، سەرەڕای ئەوەی پێیان وایە هێڵە سوورەکان بەزێنراون.
شارەزایانی سیاسی عەرەبی پێیان وایە چەند هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم پاشەکشەیەی ئیسرائیلەوەن؛ کە یەکەمیان فشارە خێراکانی ئەمریکایە کە نایەوێت بەرەیەکی نوێی شەڕ لە ناوچەکەدا بکرێتەوە بە تایبەتی لەگەڵ تورکیادا کە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و هاوپەیمانێکی بڕواپێکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. هەروەها بەشێکی تری هۆکارەکەش پەیوەندی بە ترسی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوەیە لە تێوەگلان لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی بەهێزە و هێزێکی کاریگەری ناوچەکەیە.
هەروەها هۆکاری کاریگەریش بریتییە لە تێچووی بەرزی بەردەوامیی ئەم گرژییە نوێیە کە ڕەنگە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بە زیانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بشکێتەوە کە ئەم کابینەیەی نەتەنیاهوو لە بنەڕەتدا ئاستی جەماوەری زۆر دابەزیوە. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە تەلئەبیب هێورکردنەوە و دیپلۆماسی وەک تاکتیکێکی کاتی هەڵبژاردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەبێ تێوەگلان لە پێکدادانێکی کراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە