04/08/2025
697 جار خوێنراوەتەوە
شەش گەنج لەکاتى مەلەکردن لە دهۆک و هەڵەبجە خنکان
پەیام
تەنیا ئەمڕۆ چوار كەس لە سنووری پارێزگای دهۆك و دووانی دیكە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەكاتی مەلەكردندا خنكاون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا لە سنووری قەزای بەردەڕەش، چوار گەنجی دانیشتووی بەردەڕەش كە هاوڕێی یەكتر بوون، چوونە سەر ڕووباری خازر بەڵام لە ماوەی چەند خولەكێكدا هەر چواریان خنكان.
گەنجەكان لەدایكبووی 2003 تا 2008ـ بوون و دووانیان برا بوون. بە مەبەستی خواردنی نانی بەیانی ڕوویان لە كەناری ڕووباری خازر لە نزیك گوندی قایماوا كردبوو، بە وتەی شایەتحاڵەكان یەكێك لە گەنجەكان بۆ مەلەكردن چووەتە ناو ئاو و نەهاتووەتە دەرەوە، گەنجێكی دیكەیان بۆ ڕزگاركردنی چووەتە ناو ئاو و ئەویش سۆراغی نەبووە. دواتر دوو گەنجەكەی دیكەش بە مەبەستی گەڕان و ڕزگاركردنی هاوڕێكانیان چوونەتە ناو ڕووبارەكەوە بەڵام ئەوانیش نقوم بوون و خنكاون.
بەرگریی شارستانیی ئاكرێ ڕووداوەكەی پشتڕاست كردەوە و ڕایگەیاند، كاتژمێر 7 ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوار گەنج لە گوندی قایماوا لەئاوی ڕووباری خازردا خنكاون.
لەلایەكی دیكەوە دوانیوەرۆی ئەمرۆ لە پۆندی پریس لە سنووری گوندی پریس لە پارێزگای هەڵەبجە دوو گەنج لە كاتی مەلەكردن خنكان.
پەیامنێری پەیام لە شوێنی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی یەكێك لە خنكاوەكان دەرهێنراوە و هەوڵ و گەڕانی تیمی تایبەتمەند و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی دیكەش بەردەوامە.
پێشتریش سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانیی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 32 حاڵەتی خنكان تۆماركراون، زۆرترینیان ڕووداوەكانی خنكانیش لە پارێزگای هەولێر بوون، كە 11 حاڵەت بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە