2 رۆژ پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
شاندی ئێران دانوستان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەكات
پەیام
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند: تاران وڵاتەكەی گەڕێكی دیكەی دانوستان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەنجام دەدات.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، رەزا نەجەفی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژنسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشكرای كردووە، گەڕێكی نوێی دانوستان لەنێوان شاندی ئێرانی و بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت، تیایدا ڕاوێژەكانی ڕابردوو لەنێوان هەردوولا دانوستانی لەسەر دەكرێت، ئەمەش بە ئامانجی دیاریكردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەیوەندییەكان بۆ داهاتوو.
ڕەزا نەجەفی ڕایگەیاندووە، ئەم گەڕەی دانوستان لەسەر ئاستی پسپۆڕان بەڕێوە دەچێت و، تیایدا شێوازی نوێی هاوكاری لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم، دیاری دەكرێت.
پێشتر لە 16 ی حوزەیران پەرلەمانی ئێران دەنگی لەسەر یاسایەك دا، كە تێیدا هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕادەگرێت، بەهۆی ئەوەی ئاژانسەكە تۆمەتبار دەكرێت بە چالاكیی سیخوڕی و گواستنەوەی زانیاری بۆ ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە.
یاساكە حكومەتی تاران ناچار دەكات هەرجۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەكە بپچڕێنێت، ئەمەش تارانی هان داوە بۆ ئەوەی دانوستان بكات و شێوازێكی نوێی هەماهەنگی بدۆزێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە