1 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
دادگای نیوزلهندا تانهیهكی ئهو تاوانبارهی ڕهتكردهوه كه 51 كهسی له دوو مزگهوتدا كوشت
دادگای تێهەڵچوونەوەی نیوزیلاند تانەی بکوژی مزگەوتەکانی کرایست چێرچی ڕەت کردەوە و جەختی لە سزای زیندانی هەتاهەتایی بێ مەرج کردەوە، بەمەش دۆسیەی هێرشبەرەکە کە بووە هۆی کوژرانی ٥١ نوێژخوێن بە فەرمی داخرا.
دەستەی دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە تانەکەی برێنتۆن تارانت-ی تەمەن ٣٥ ساڵیان ڕەت کردەوە. ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە گوایە لەژێر فشار و بەهۆی بارودۆخی سەختی زیندانەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەڵام دادگا ئەو پاساوانەی بە نایاسایی و بێ بنەما وەسف کرد.
دادگا لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە کە پێشکەشکردنی تانەکە لەلایەن تاوانبارەکەوە زۆر دواکەوتووە و زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژ بەسەر وادەی یاسایی خۆیدا تێپەڕیوە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هیچ پاساوێکی لۆژیکی بۆ کردنەوەی دووبارەی دۆسیەکە یان کشانەوە لە دانپێدانانە پێشووەکان لەبەردەستدا نییە.
ئەم بکوژە ئوسترالییە، لە ئاداری ٢٠١٩دا هێرشێکی خوێناویی کردە سەر دوو مزگەوت لە شاری کرایست چێرچ و لە ڕێگەی کامێرایەکەوە کە لەسەر سەری جێگیری کردبوو، ڕاستەوخۆ پڕۆسەی کوشتنی نوێژخوێنانی لە فەیسبووک گواستەوە؛ هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٥١ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
تارانت کە سەرەتا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت دەکردەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دانی بە ٥١ تاوانی کوشتن، ٤٠ هەوڵی کوشتن و ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریستیدا نا. لە ئێستاشدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەبێ مافی ئازادکردنی مەرجدار بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەمە قورسترین سزایە لە مێژووی دادوەریی نیوزیلانددا تۆمار کرابێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە