20 کاتژمێر پێش ئێستا
147 جار خوێنراوەتەوە
دەیان غەززەیی دیکە شەهیدبوون و 50 باڵەخانەی نوێش خاپووركرا
پەیام
ئەمڕۆ 703 ڕۆژە جەنگی قڕكردن و كۆمەڵكوژیی سەر غەززە بەردەوامە، ئاماری شەهیدانی برسێتییش بەرزبووەوە بۆ 393 كەس.
بەپێی سەرچاوە پزیكشییەكان لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە نزیكەی 30 كەس لە كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەوە شەهیدبوون، هەروەها بەرگریی شارستانیی غەززەش ڕایگەیاند، تەنیا دوێنێ زیاتر لە 50 باڵەخانەی لە كەرتەكە خاپوور كردووە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا شەش كەسی دیكە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراكییەوە لە غەززە گیانیانلەدەستداوە كە دووانیان منداڵ بوون. بەم جۆرە ژمارەی ئەوانەی لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023ـوە بەهۆی برسێتییەوە شەهیدبوون بەرزبووەوە بۆ 393 كەس كە 140 یان منداڵن.
هاوكات ئەمڕۆ جارێكی دیكە سوپای داگیركەری زایۆنی فەرمانی چۆڵكردنی دەركرد بۆ باڵەخانەیەكی دیكە لە شەقامی جەمال عەبدولناسر لە شاری غەززە، هەروەها فەرمانی كردووە خێمەكانی دەوروبەری ئەو تەلارەش چۆڵ بكرێت چونكە بۆردومانی دەكات. ئەمەش سیاسەتێكی نوێی داگیركەرە بۆ خاپووركردنی هەر باڵەخانەیەكی غەززە كە هێشتا ماوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە