2 کاتژمێر پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
توركیا بڕیاریداوە لەمڕۆوە ڕێژەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەر بداتەوە
پەیام
لە میانەی سەردانی سەرۆكی بەرەی توركمانیی عێراق بۆ ئەنقەرە و دیداری لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، دۆسیەی قەیرانی ئاو لە ناوەڕاست و بەتایبەت باشووری عێراق تاوتوێكرا و توركیاش بڕیاریداوە لەمڕۆوە ڕێژەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەر بداتەوە.
بەرەی توركمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە "لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا سەرۆكی بەرەی توركمانی نامەیەكی سەرۆكوەزیرانی عێراقی لەبارەی دۆسیەی ئاوەوە پێ بووە و گەیاندوویەتیە لایەنی توركی. لە بەرانبەردا هاكان فیدان ڕایگەیاندووە: لە ڕۆژی هەینییەوە بڕی بەردانەوەی ئاو لە ڕێی ڕووبارەكانی دیجلە و فوراتەوە بۆ عێراق زیاد دەكرێت.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆككۆماری توركیای لەسەر هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ قەیرانی ئاو كرد، بەڵام بەشێك لە چالاكوان و بەرپرسانی عێراق بەردەوام ڕەخنە لە ئەنقەرە دەگرن بەوەی پابەندی ڕێككەوتنەكانی ئاو نابێت و بەشی پێویست ئاو بۆ عێراق بەر ناداتەوە.
توركیا دەكەوێتە بەشی باكووری عێراقەوە و سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فورات لەو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێن و دواتر دەگەنە عێراق، هەزاران ساڵیشە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بۆ كشتوكاڵ و ژیان پشت بەو دوو ڕووبارە دەبەستن، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی ئەو دوو ڕووبارەوە، سەدان هەزار دانیشتووی باشووری عێراق كۆچیان كردووە و زێدی خۆیان جێ هێشتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە