2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
زیلینسكی: پلانەکەى ئەمریكا بۆ ئاشتى دەکرێت بخرێتە ڕێفراندۆمێكی گشتییەوە
پەیام
بەر لە دیدارەكەی لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی، سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند: دەكرێت ئەو پلانە ئاشتییەی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ پێشكەشی كردووە بخرێتە ڕێفراندۆمێكی گشتییەوە، بەو مەرجەی پێشوەختە ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.
وتەكانی زیلینسكی كە لە میانی لێدوانێكیدا بۆ پێگەی ئەكسیۆس بەر لە دیدارەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هات، ئەوەشی تێدایە كە "پێشكەوتنی بەرچاو لە ڕووی گرەنتییە ئەمنییەكانەوە بەدەست هاتوون، گفتوگۆكانیش بۆ ماوەی ڕێككەوتن هێشتا بەردەوامە، ئەمریكا پێشنیازێكی بۆ ڕێككەوتنێك لە 23ی تشرینی دووەم پێشكەش كردووە كە بۆ ماوەی 15 ساڵە و دەكرێت درێژیش بكرێتەوە، بەڵام كیێڤ داوا دەكات ماوەكەی زیاتر بێت".
سەرۆكی ئۆكرانیا جەختیشی لە ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ خستنە ڕێفراندۆمی پلانی ئاشتی نیشان دا و وتی: ئەو هەنگاوە ئاڵنگاریی زۆری هەیە، ئەوەیش تەنیا لە یەك حاڵەتدا دەبێت كە ڕووسیا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ جەنگەكە ڕابگرێت.
باسی لەوەیش كرد "نەگەیشتنی هاووڵاتیان بە سندوقەكانی دەنگدان بە هۆی مەترسییە ئەمنییەكانەوە، شەرعیەتی ڕێفراندۆمەكە دەخاتە مەترسییەوە و لەم دۆخەدا كە ئەنجامنەدانی لە ئەنجامدانی باشترە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە