1 کاتژمێر پێش ئێستا
74 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا گرێبەستێكی سەربازیی بەبڕى 90 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق پەسەندكرد
پەیام
بە مەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی لە پشكنینی ئۆتۆمبێل و پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان، ئەمریكا ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستێكی سەربازی و لۆجستی بە بڕی 90 ملیۆن دۆلار لەگەڵ عێراق دا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، واشنتۆن ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر گرێبەستێكی نوێ بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی سەربازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لۆجستی بە عێراق، كە تێچووەكەی بە 90 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و تایبەتە بە سیستەمەكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل.
ئاژانسی هاوكاری ئاسایشی بەرگری سەر بە وەزارەتەكە ئاشكرای كردووە، حكومەتی عێراق داوای درێژكردنەوەی ڕێككەوتنی خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی تایبەت بە سیستەمی پشكنینی ئۆتۆمبێلی ناسراو بە "ڤاسیكڵ ئێكس پی ئێڵ" بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە كردووە، تاكو كاركردنی بەردەوامی ئەو سیستەمە لەسەرجەم كاتەكاندا مسۆگەر بكات.
ئەم گرێبەستە پڕۆسەكانی چاككردنەوەی پارێزگاری، دابینكردنی پارچەی یەدەگ، نوێكردنەوەی نەرمەواڵەكان (سۆفتوێر) و چاودێریكردنی لە دوورەوە دەگرێتەوە، جگە لە دابینكردنی پشتیوانی ئەندازیاری و تەكنیكی لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی ئەمریكاوە.
ئاژانسەكە ئاماژەیشی بەوە كردووە كە كۆنگرێسی ئەمریكایان بە فەرمی لەم گرێبەستە ئاگادار كردووەتەوە و جەختیان كردۆتەوە كە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی تواناكانی عێراق بۆ دۆزینەوەی ماددە مەترسیدارەكان و ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی لە سنوورەكاندا، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە هاوسەنگی هێزی سەربازی لە ناوچەكەدا دروست بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە