1 کاتژمێر پێش ئێستا
164 جار خوێنراوەتەوە
كۆمەڵی دادگەری دەبێتە پارێزەری ئەو فەرمانبەرەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكی گەیاند
پەیام
بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەری تیمی پارێزەران بۆ داكۆكیكردن لەو فەرمانبەرەی كارەبا پێكدەهێنێت كە لە چەند لێدوانێكیدا حكومەتی بە دزی تۆمەتبار كرد.
بۆردی یاسایی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایگەیاند: تیمی پارێزەران و پشتیوانیی تەواو بۆ ئەو كارمەندەی كارەبا دابین دەكەن كە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی لێدوانێكی بوێرەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی كارگێڕی بووەتەوە.
كێشەكە كاتێك سەریهەڵدا كە كارمەندێكی فەرمانگەی كارەبای ڕانیە، لە كاتی ڕووماڵێكی مەیدانیی كەناڵی ئاسمانیی "پەیام"دا سەبارەت بە زۆریی تێچووی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، لێدوانێكی دا و ئەو بڕە پارە زۆرەی بۆ هاووڵاتیان هاتووەتەوە بە دزی و نادادپەروەری وەسفكرد، جەختیشی كردەوە كە ئەمە بارگرانییەكی گەورەیە بۆ سەر شانی خەڵك.
بەهۆی ئەم لێدوانەوە و بە پێی زانیارییەكان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای ڕاپەڕین فەرمانبەرەكەی بانگ كردووە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی بۆ پێكهێناوە، بەو پاساوەی كە دەبێت بەڵگەكانی لەسەر ئەو تۆمەتانە بخاتەڕوو.
لە بەرانبەردا، بۆردی یاسایی كۆمەڵ جەخت دەكاتەوە كە لە هەر قۆناغێكی دادگایی، یان بەرگریكردنی یاساییدا، بە تیمی پارێزەرانەوە لە پشت ئەم فەرمانبەرە دەبن، چونكە ئەو تەنها داكۆكی لە مافی هاووڵاتیان كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە