3 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
سهرۆكوهزیرانی عێراق: پڕۆسهی ئهنفال تاوانێكی دڕندانه بوو
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ٣٨ـەمین ساڵیادی تاوانەکانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە ئەو تاوانە دڕندانەیەی بە بیر هێنایەوە کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووەوە دژی گەلی کورد ئەنجام دران و تێیدا هەزاران هاووڵاتی بێتاوان لە گوند و شارەکاندا بوونە قوربانی سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەکانی، وتیشى: ئەمڕۆ عێراقییەکان لە سایەی سیستمێکی دیموکراسی و دەستووریدا بە کەرامەتەوە دەژین.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕى" ئێکس "نووسیویەتی، بە خەمێکی قووڵەوە یادى ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانە دەکەینەوە کە ڕژێمى دیکتاتۆرى سەرکوتکار و گروپە تاوانبارەکەى لە دژى گەلى کوردمان لە پڕۆسەى ئەنفالدا ئەنجامى دا.
جەختیشی کردەوە، ئەو کردەوانە دەرچوون بوو لە هەموو بەها مرۆیی و یاسایییەکان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتە تاوانکارییانەشی کرد کە ئامانجیان تەنها چەوساندنەوە و لەناوبردنی گەلی کورد بووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سودانى جەختیشى کردەوە، شانازى بە یەکڕیزی و برایەتی نێوان پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان دەکات، لەچوارچێوەى ڕژێمێکى دیموکراتى دەستورى فرەحزبیدا، کە هەموو عێراقییەکان بەڕێزە تێیدا دەژین، هەروەها هیچ جیاکاری و بەئامانجگرتنێکی ڕەگەزی بوونی نییە، وتیشى: حکومەت هەوڵدەدات بۆ پاراستنی مافی هەمووان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە جارێکی دیکە وڵات بەرەو دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە هەنگاو نەنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە