2 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ کۆتایی هات
گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ کۆتایی هات، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: پێشکەوتنی گرنگیان بەدەستهێناوە و لەسەر بنەما هاوبەشەکان ڕێککەوتوون.
کۆبوونەوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عومان لە جنێڤ بەڕێوەچوو و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، تێیدا هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر وەک نێنەرانی ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدار بوون.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە ئەم گەڕەی دانوستان بە بەراورد بە گەڕی پێشوو وەک هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە یەکەم لێدوانیدا دوای کۆبوونەوەکە، عێراقچی ئاشکرای کرد کە پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و لەسەر بنەما هاوبەشەکان ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی زیاتر هەنگاوی لەسەر بنێن.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە هەردوولا کار لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ڕەشنووسی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئەگەرچی هێشتا بۆچوونی جیاواز لەسەر هەندێک پرس ماوە و ئەمەش مانای ئەوە نییە بەمزووانە ڕێککەوتن واژۆ دەکرێت، بەڵام "ڕێگاکە دەستی پێکردووە".
عێراقچی جەختی کردەوە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو ئاماژە ڕاشکاوانەی واشنتۆن دابنرێت کە باس لە ئەگەری "بەکارهێنانی هێز" دەکەن دژی تاران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە