2 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتى دەرەوەى ئێران: بانگەشەکانی ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بێ بنەمان
لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەدا لە تاران، ئیسماعیل بەقائی سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن ڕێککەوتنی کاتیی لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادایە، ڕایگەیاند: "ئەو جۆرە لێکدانەوانە پشتڕاست ناکەینەوە. بانگەشەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی کاتیی (لەگەڵ ئەمریکا) هیچ بنەمایەکیان نییە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەقائی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئامادەکردنی دەقی دانوستانەکان پرۆسەیەکی هاوبەشە و هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە.
سەبارەت بە لێدوانەکانی نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆف کە وتبووی "ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگاتە ئەو ماددانەی پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی" ئیسماعیل بەقائی ڕایگەیاند: "ئەمە یەکەمجار نییە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە لێدوانانە دەبینەوە".
ئیسماعیل بەقائی ئەوەشی خستەڕوو کە دانوستانەکان بە سەپاندن و بڕیاری پێشوەختە سەرکەوتوو نابن و، ڕایگەیاند: "ئەم شێوازە بۆ ئێران ئەنجامی نابێت. ئێمە بە جددییەوە بەردەوامین لە دیپلۆماسیی. دەکرێت ڕێککەوتنێک قبوڵ بکەین کە مافەکانی وڵاتەکەمان بپارێزێت و بابەتە ئەتۆمییەکان و هەڵگرتنی سزاکان لەخۆ بگرێت".
ئەم لێدوانەش لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژى پێنجشەممە شاندى دانوستانکارى ئەمریکا وئێران لە عوممان بە شێوەى ناراستەوخۆ کۆ بننەوە و گەڕێکی دیکەى دانوستان بەڕێوە ببەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە