2 کاتژمێر پێش ئێستا
202 جار خوێنراوەتەوە
ئێران بە هەڕەشەی جەنگی درێژخایەن و چەكی نوێ وەڵامى ترەمپ دەداتەوە
پەیام
لە حەوتەمین ڕۆژی جەنگی سەر ئێران، قەوارەی زایۆنی تاران بۆردومان دەكات، ترەمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی پاسداران دەكات و ئێرانیش بە هەڕەشەی جەنگی درێژخایەن و چەكی نوێ وەڵام دەداتەوە.
سوپای قەوارەی ڕایگەیاند، كە شەپۆلێكی بەرفراوانی هێرشیان كردووەتە سەر ئەوەی ناوی ناوە "ژێرخانی ڕژێمی ئێران" لە تاران، تەلەفزیۆنی فەڕمی ئێرانیش تەقینەوەی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی پایتەخت پشتڕاست كردەوە.
لەلایەكی دیكەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند: كەشتییەكی گەورەی هەڵگری درۆنی ئێرانییمان پێكاوە و لە دەریادا گڕی گرتووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا داوای لە ئەندامانی سوپای پاسداران و ئەرتەش و پۆلیسی ئێران كرد چەكەكانیان دابنێن و هۆشداریی دا ئەگەر بەردەوام بن لە شەڕ "تەنیا ڕووبەڕووی كوشتن دەبنەوە"، داواشی لێ كردن بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەكەیان بچنە ڕیزی گەلەوە.
لە بەرانبەردا، وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند: داهێنان و چەكی نوێمان لە ڕێگەیە كە پێشتر بەكار نەهێنراون. جەختیشی كردەوە، كە بۆ جەنگێكی درێژخایەن ئامادەن و دەبێت دوژمن چاوەڕێی گورزی بەئازار بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە