6 کاتژمێر پێش ئێستا
227 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەیەك پێشمەرگە لەسەر شاخی زمناكۆ لە نزیك دەربەندیخان لە مەترسیدان
پەیام
بەهۆى بەردەوامى هێرشە درۆنییەکان، ژمارەیەك پێشمەرگە لەسەر شاخی زمناكۆ لە نزیك دەربەندیخان ژیانیان لە مەترسیدایە.
پەیامنێری پەیام لە نزیک شاخی زمناكۆ ڕایگەیاند: لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ هەشت درۆن ئاڕاستەی شاخی زمناكۆ كراون و تەواوى ئەو تاوەرانەى کە لەسەر شاخەکەن خاپوورکراون.
پەیامنێری پەیام پەیوەندیی كرد بەو پێشمەرگانەوە، كە لەسەر شاخەکەن و ڕایانگەیاند، درۆنی بۆمبڕێژكراو لە نزیكیان تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.
ڕاشیانگەیاند: لە ئێستادا ناتوانن لە شاخەکە بێنە خوارەوە، لە ترسى درۆنیش لە ناو چاڵ و بەردەڵانى سەر شاخەکە خۆیان حەشارداوە، چاوەڕێن فەرمانی سەرووى خۆیان بۆ بێت تاوەکو لە شاخەکە بێنە خوارەوە.
پەیامنێری پەیام ئاماژەى بەوەشکرد، شاخى زمناکۆ چەندین تاوەری پەیوەندی لەسەر جێگیرە و لە ئێستادا بەهۆى بۆردومانکردنیانەوە سەرجەمیان خاپوورکراون و بەوهۆیەوە کێشەش وەرگرتنى پەیوەندیش دروستبووە.
هەفتەى ڕابردووش بە درۆن چەندجارێک هێرشکرایە سەر شاخى زمناکۆ و تیمێکى پەیامیش لە نزیکەوە ڕووماڵى ڕووداوەکەى کرد و دیمەنەکانى بۆ وەرگرەکانى گواستەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە