1 کاتژمێر پێش ئێستا
243 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی: پێشمەرگە ڕێگری لە هەر هێرشێكی چەكداری بۆ سەر ئێران دەكات
پەیام
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییە سەربازییەكانی ناوچەكە و ڕایدەگەیەنێت: نابێت هەرێمی كوردستان ببێتە سەری ڕم، یان ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد كە دەسپێكردنی هێرشەكان "جێگەی سەرسوڕمان" بووە و تا ئێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە بەدی ناكرێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نائومێدیی خۆی لە پەككەوتنی دانوستانەكان دەربڕیوە، چونكە تاران پێشبینی دەكرد گفتوگۆكان ئەنجامیان هەبێت.
سەبارەت بە ستراتیژی جەنگەكە، تاڵەبانی هۆشداری دا كە ئێران بۆ ماوەی 45 ساڵە پلانی بۆ ئەم جەنگە داناوە و بەرگرییەكی سەخت دەكات. هەروەها گومانی خستە سەر سەركەوتنی هەر هێرشێكی وشكانی بۆ سەر ئێران و ڕایشیگەیاند: گۆڕینی ڕژێم لەم كاتەدا لە ئارادا نییە، چونكە دۆخەكە لە عێراقی 2003 ناچێت و هیچ ڕاپەڕینێكی ناوخۆیی لە ئێران بەدی ناكرێت.
تاڵەبانی كوڕ جەختی لەسەر بێلایەنیی هەرێمی كوردستان كردەوە و وتی: "نابێت كورد ببێتە سەری ڕم لەم جەنگەدا، چونكە ئەوە زیانی گەورەمان پێ دەگەیەنێت و مەترسی دەستوەردانی توركیا زیاد دەكات." هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە ڕێگری لە هەر جووڵەیەكی چەكداریی سنووربڕ بۆ ناو خاكی ئێران كردووە.
لە كۆتاییدا، سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە گفتوگۆیەكی خۆی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كرد و ڕایگەیاند: ترەمپ كورد وەك "جەنگاوەری مەزن" دەبینێت، بەڵام پێویستە كوردستان وەك پردێك بۆ چارەسەر بمێنێتەوە، نەك ببێتە مەیدانی شەڕ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە