1 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
میدیا عێراقییهكان: بارهگاكانی حهشد لهلایهن ئهمریكاوه بۆردومان كراوه
پهیام
لە بۆردومانێکی ئاسمانیی چڕدا بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک کەرکووک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ٥ چەکدار کوژران، و ١٨ ى دیکە بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و پێگەیەکی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە نزیک قەزاى دبس سەر بە پارێزگاى کەرکووک پێکاوە، تیایدا پێنج کەس کوژران و ١٨ ى دیکە بریندار بوون، هەروەها بارەگاکەش بە تەواوى وێران بووە.
میدیاکانى عێراق ئاشکرایان کرد، هێرشەکە بۆ سەر بارەگاکانى لیواى ٤٠ ى حەشدی شەعبی سەر بە کەتیبەکانى ئیمام عەلى بووە، دواتریش بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانى کەرکووک و بەشێکیان برینەکانیان سەختە و نەشتەرگەریى بەپەلەیان بۆ کراوە.
لاى خۆیەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا هێرشەکەی بەتوندی سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی وڵات" ناوى برد، هاوکات ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵایان پێکهێناوە بۆ ئاشکراکردنی لایەنی هێرشبەر و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.
میدیاکانى عێراقیش باسیان لەوە کردووە، هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام دراوە.
جێی باسە دوێنێش دوو بارەگاى دیکەى حەشدی شەعبی لە عێراق کرایە ئامانج بەڵام زانیاریى ورد لەبارەى هێرشەکانەوە بڵاو نەکرایەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە