2 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
جەنگ پێی نایە دوانزەهەمین رۆژییەوە
پهیام
لە دوانزەیەمین ڕۆژی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی دژ بە ئێران، تاران بە ٣٧ـەمین شەپۆلی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامدەداتەوە، هاوکات ئاگری ململانێکە بۆ وڵاتانی کەنداو و گەرووی هورمز تەشەنەی سەندووە.
لە دوانزەیەمین ڕۆژی ئەم جەنگەدا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە توندترین و دژوارترین هێرشی لە ماوەی ٣ کاتژمێری بەردەوامدا ئەنجامداوە، کە تێیدا ٣٧ـەمین شەپۆلی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی پێگە و بنکەکانی قەوارەی زایۆنی و ئەمریکا لە ناوچەکە کردووە.
لە بەرامبەردا، سوپای زایۆنی بانگەشەی ئەوە دەکات کە توانیویەتی بەشێک لەو ئامانجانە تێکبشکێنێت و هاوکات هێرشی هاوکاتی بۆ سەر تاران و چاحیەی باشووری بەیروت ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچە فراوانەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەنگی داوەتەوە.
گرژییەکان لە وڵاتانی کەنداو زیاتر بوون و لە دواین هەڵوێستدا؛ سعودیە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی بالیستیی تێکشکاندووە کە ناوچەی ڕۆژهەڵات و پارێزگای خەرج و کێڵگەی شەیبەیان کردبووە ئامانج.
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی ئیمارات پشتڕاستی کردەوە کە مامەڵەی لەگەڵ مووشەکی بالیستیدا کردووە، هاوکات لە بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و کوەیت-یش ئاشکرایکرد، لە بەرەبەیانی سێشەممەوە ٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تۆمار کردووە کە ٤ دانەیان تێکشکێنراون.
لە ئاستی دەریاییدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەک کەشتیی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز تێکشکێنراون، کە ١٦ دانەیان کەشتیی مینڕێژکەر بوون.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دۆخەکەی بەرەو هەڵکشانی زیاتر بردووە و هێڵە سوورەکانی ناوچەکەی یەک لە دوای یەک بەزاندووە.
لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆمەڵەی حەوت (G٧) لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی شەڕەکە.
لە پەیوەندییەکی دیکەدا، ئەمریکا و بەریتانیا جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگیی ئەمنی کردەوە، هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، تاوتوێی بەهێزکردنی سیستەمە بەرگرییەکانی سعودیەیان کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە